سەرۆککۆماری عێراق: هەر دواخستنێکی بودجە، زیان بە هاووڵاتییان دەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت، "گەلەکەمان بە بایەخەوە چاوەڕوانی پەسندکردنی بودجە دەکات و پێشوازیش لە دانیشتنی رۆژی پێنجشەممەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە بودجە دەکات"؛ دەشڵێت، هەر دواخستنێکی بودجە دەبێتە رێگر لە بەردەم کارەکانی حکومەت و زیان بە هاووڵاتییان دەگەیێنێت.
رۆژی چوارشەممە 07-06-2023، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لەبارەی پرۆژەیاسای بودجە راگەیێندراوێکی بڵاویکردەوە و دەڵێت، "گەلەکەمان بە بایەخەوە چاوەڕوانی پەسندکردنی بودجە دەکات، ئەوەش وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ گەرەنتیکردنی پێداویستییەکانی بنیادنان و ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەمان و دەستکردن بە جێبەجێکردنی پەرەپێدان و تەواوکردنی خزمەتگوزارییە پێویستەکانی شار و پارێزگاکان."
رۆژی 6ى حوزەیرانى 2023، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق خشتەى کارى کۆبوونەوەى 8ى حوزەیرانى بڵاوکردەوە کە تایبەتە بە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى. بەگوێرەى خشتەکە، کۆبوونەوەى پەرلەمانی عێراق کاژێر 01:00ى دوای نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە دەست پێدەکات.
سەرۆککۆماری عێراق دەشڵێت، "لە کاتێکدا پێشوازی لە دانیشتنی سبەی پێنجشەممەی پەرلەمان دەکەین بۆ پەسندکردنی بودجە، هەوڵەکانی ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانیش بەرز دەنرخێنین بۆ هەنگاونان بەرەو تەواوکردن پەسندکردنی بودجە، هەروەک کاریش دەکەین بۆ پەسەندکردنی. جەختدەکەینەوە کە هەر دواخستنێک دەبێتە رێگر لە بەردەم کار و چالاکییەکانی حکومەت و زیان بە پێداویستییەکانی هاووڵاتییان دەگەیێنێت."
لەتیف رەشید رایدەگەیێنێت، "چاوەڕوانی بڕیارێکی روون و کۆتایی دەکەین لە ئەندامانی پەرلەمان سەبارەت بە پەسندکردنی بودجە. گرنگە ئەرک و بەرپرسیارێتی بەجێبگەیێنن کە پێویستە جێبەجێبکرێن بۆ بەدیهێنانی خواستەکانی گەل و باشترکردنی ئاستی بژێوی و خزمەتگوزاری و ببنە بەدیهێنەری کاریگەری بڕگەکانی بودجە لە پلانەکانی پەرەپێدان و ئاوەدانکردنەوەدا."