سێ زیارەتکارى ئێرانى لە واست گیانیان لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ

سێ زیارەتکارى ئێرانى لە پارێزگاى واست بە رووداوى هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا و تەرمەکانیان رەوانەى وڵاتەکەیان کرایەوە. 
 
رووداوەکە ئەمڕۆ 7ى تەممووزى 2022 لە رێگەى دەروازەى سنووریى زرباتیە لە پارێزگاى واست روویدا، کاتێک ئەو ئۆتۆمبێلەى دەیگواستنەوە، وەرگەڕا.
 
حەیدەر تائی، گوتەبێژى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى تەندروستیی واست رۆژی 7-7-2022 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "رووداوەکە کاژێر 11:30ی خولەکی بەیانی لە سنووری شارۆچکەی جەسان لە سنوورى پارێزگاى واست روویدا و تێیدا سێ هاووڵاتیى ئێرانى گیانیان لەدەستدا، کە سێ پیاو بوون و تەمەنیان لەنێوان 50 و 55 ساڵاندا بوو؛ هەر لە رووداوەکەدا سێ کەسی دیکە برینداربوون کە دوو ژنى تەمەن 37 ساڵ و پیاوێکى تەمەن 71 ساڵ بوون و رەوانەى نەخۆشخانە کران بە مەبەستی چارەسەرکردنیان".
 
حەیدەر تائی گوتی، ئەو کەسانە بە مەبەستى سەردانکردنى مەزارگە ئایینییەکان گەشتیان بۆ عێراق کردبوو.
 
گوتەبێژى راگەیاندنى تەندروستیى واست گوتى: "بە هاوئاهەنگى لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، تەرمى ئەو کەسانەى گیانیان لەدەستداوە گوێزراونەتەوە دەروازەى سنووریى مهران لە سنورى پارێزگاى واست، بەمەبەستى بردنەوەیان بۆ کۆمارى ئیسلامى ئێران".