هەواڵی هەڵوەشاندنەوەی سەرایا سەلام رەتدەکرێتەوە

 
 
رووداو دیجیتاڵ 

نووسینگەی راگەیاندنی رەوتی نیشتمانیی شیعە ئەو راگەیێندراوەی رەتکردەوە کە بەناوی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتەکەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە و تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی "سەرایا سەلام" و رادەستکردنی چەکەکانیان بە دەوڵەت دەکات.
 
نووسینگەی راگەیاندنی رەوتەکە شەوی دووشەممە، 7ـی تەمموزی 2025، لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، ئەو راگەیێندراوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەناوی موقتەدا سەدرەوە دەستاودەستی پێدەکرێت، "هیچ بنەمایەکی راستیی نییە و دوورە لە راستییەوە."
 
لە راگەیێندراوەکەدا، کە بە فراوانی بڵاوبووەتەوە، داوا لە باڵی چەکداری رەوتی سەدر، "سەرایا سەلام"، کرابوو چەکەکانیان رادەستی دەوڵەت بکەن و لە شاری سامەڕا بکشێنەوە.
 
قەزای سامەڕا، دەکەوێتە سنووری پارێزگای سەلاحەدین، مەزاری هەردوو ئیمام عەسکەری شیعەکانی لێیە، هێزەکانی سەرایا سەلام لە سامەڕا جێگرن و مەزارەکە دەپارێزن.  
 
نووسینگەی سەدر جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەموو هەواڵ و بڕیارێکی فەرمی تەنیا لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکانی خۆیانەوە بڵاودەکرێتەوە و داوای لە هاووڵاتییان و دەزگاکانی راگەیاندن کردووە پشت بە سەرچاوەی نافەرمی نەبەستن.
 
 سەرایا سەلام، باڵی چەکداری رەوتی نیشتمانیی شیعە (رەوتی سەدری پێشوو)ە. درێژکراوەی سوپای مەهدییە، کە لەلایەن موقتەدا سەدرەوە دامەزرێندرا.