نوورى مالیکى: دەبێت لە بلۆککردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا جیاوازى بکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکى هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسا داوا دەکات لە بڕیارى تایبەت بە بلۆککردنى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا جیاوازى بکرێت لەنێوان ئەو سەکۆیانەى پاڵپشتیکارى حکومەتن لەگەڵ ئەوانەى کە هانى رق و کینە دەدەن، ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ بڕیارى بلۆککردنى تەلەگرام لە عێراق.
 
نووری مالیکى، سەرۆکى هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسا لە پۆستێکدا لە تۆڕى کۆمەڵایەتیى ئێکس رایگەیاند، عێراق وڵاتێکى دیموکراسییە و بڕواى بە ئازادى رادەربڕین و راگەیاندن هەیە و دەشڵێت، ئەو مافانە "بنەڕەتیین، بەڵام رەها نیین."
 
نوورى مالیکى ئاماژەى بەوەش داوە، بڕیارى بلۆککردنى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە پاڵنەرى ئەمنى، دەبێت جیاوازى بکات لەنێوان ئەو سەکۆیانەى کە پاڵپشتیکارى دەوڵەت و حکومەتن لەگەڵ ئەوانەى کە هانى رق و کینە و تووندوتیژی و دەستدرێژیکردنە سەر تایبەتمەندییەکانى کەسانى دیکە دەدەن.
 
ئەو نووسینەى مالیکى دواى ئەوە هات کە 6ى ئاب، وەزارەتی گەیاندنی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەدا، لەسەر داوا و پێشنیازی دەسەڵاتە باڵاکان و پەیوەست بە ئاسایشی نیشتمانییەوە، بڕیاریان دا بە بلۆککردنی تێلیگرام، چونکە پێیوایە لە رێگەی ئەو ئەپلیکەیشنەوە زانیاری و داتا کەسییەکانی هاووڵاتییان دزەی پێکراوە.
 
عومەر عەبدولڕەزاق، گوتەبێژى وەزارەتى گەیاندنی عێراق رۆژی 06-08-2023 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بڕیارى بلۆککردنی تۆڕى کۆمەڵایەتیی تەلەگرام کەوتووەتە وارى جێبەجێکردنەوە، بەڵام تائێستا دیار نییە ئەو بڕیارە هەرێمى کوردستان دەگرێتەوە یان نا.
 
بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى ناوخۆى عێراق، زیاتر لە 16 ملیۆن بەکارهێنەرى تۆڕى کۆمەڵایەتیى تەلەگرام هەن کە بە پلەى دووەم دێت لەڕووى بەکارهێنانى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە لە عێراق لەدواى فەیسبووک، کە 18 ملیۆن بەشداربووى لە عێراق هەیە.