لە شەڕی نێوان هۆزەکانی مەیسان درۆن بەکارهێندرا

رووداو دیجیتاڵ

شەڕی هۆزەکان لە باشووری عێراق چووەتە قۆناخێکی نوێ و بۆ یەکەمجار درۆنی تێدا بەکارهێندرا. سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە دەڵێت، "ئەفسەران ناتوانن پارێزگاری لە خۆشیان بکەن." لە بەرامبەردا، حکومەتی عێراق هێزێکی ئەمنیی گەورەی رەوانەی ناوچەکە کردووە و هەڵمەتێکی فراوانی راگەیاندووە.
 
بە گوێرەی گرتە ڤیدیۆییەکان کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، لە شەڕ و پێکدادانی نێوان هۆزەکانی پارێزگای مەیساندا، بۆ یەکەمجار درۆن بەکارهێنراوە.
 
جگە لە شەڕی هۆزەکان، رووبەڕووبوونەوەی بەردەوامی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ باندەکانی مادەی هۆشبەر، هۆکارێکی دیکەی تێکچوونی دۆخی پارێزگاکەیە. 
 
محەممەد کینانی، گوتەبێژی تەندروستیی مەیسان، رۆژی پێنجشەممە، 7ی ئابی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ماوەیەکە دۆخی ئەمنیی پارێزگاکە خراپ بووە. هەفتەی رابردوو لە نزیک بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان، تەقە لە ئەفسەرێک بە پلەی ملازم کرا و بە سەختی بریندار کرا و تائێستاش لە چاودێریی چڕە."
 
"دەستوەردانی سیاسی هەیە"
 
دکتۆر مستەفا محەممەداوی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای مەیسان، دوێنێ چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، دۆخی ئەمنی بەهۆی شەڕی هۆزایەتی و تۆڵەکردنەوە و باندەکانی مادەی هۆشبەر "زۆر خراپە" و بەهۆیەوە ژمارەیەک ئەفسەر و کارمەندی ئەمنی کوژراون.
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای مەیسان گوتی: "دۆخەکە بەشێوەیەکە کە ئەفسەرانیش ناتوانن پارێزگاری لە خۆیان بکەن و لەم دواییانەدا سێ ئەفسەری ئەمنی کوژراون." هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، "دەستوەردانی سیاسی لە کاروباری ئەمنیدا هەیە و بەرپرسانی ئەمنی ناتوانن رۆڵی خۆیان بەباشی بگێڕن و یاسا جێبەجێ بکەن."
 
"ئاسایشی مەیسان هێڵی سوورە"
 
لە وەڵامی ئەم دۆخەدا، دوێنێ چوارشەممە، ئەنجوومەنی پارێزگای مەیسان دەستپێکردنی هەڵمەتێکی ئەمنیی فراوانی لە سەرانسەری پارێزگاکەدا راگەیاند و جەختی کردەوە کە "ئاسایشی مەیسان هێڵی سوورە."
 
بە گوێرەی راگەیێندراوی ئەنجوومەنەکە، هەڵمەتەکە بە هاوئاهەنگی راستەوخۆی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرپەرشتیی عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆ بەڕێوەدەچێت. ئامانج لێی "بەهێزکردنی ئەمنی، راوەدوونانی سەرپێچیکاران و سەپاندنی شکۆی دەوڵەتە."
 
بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، ئێوارەی رۆژی سێشەممە هێزێکی ئەمنیی لە دەرەوەی پارێزگاکەوە گەیشتوونەتە مەیسان، ئەمەش بۆ "دڵنیابوون لە بێلایەنی و کاریگەری لە جێبەجێکردنی ئەرکە ئەمنییەکاندا."
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە جەختی کردەوە، "هیچ لێبووردەییەک بەرامبەر ئەوانە نابێت کە دەست بۆ سەقامگیرییەکەی دەبەن " و گوتی: ئەم هەنگاوە بۆ دابینکردنی ژیانێکی ئارام بۆ هاووڵاتییان "یەکلاکەرەوەیە."