سوودانی 15 بەڕێوەبەری لەسەر پارەی کارەبا دوورخستەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، 15 بەڕێوەبەری وەزارەتی کارەبا لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە، بە پاساوی ئەوەی لە جێبەجێکردنی رێنماییەکانی وەرگرتنی پارەی کارەبا کەمتەرخەم بوون.
 
ئەو بڕیارەی محەممەد شیاع سوودانی، لە کۆبوونەوەیەکدا بوو لەگەڵ تیمی تەکنیکیی وەزارەتی کارەبا لەبارەی وەرگرتنی پارەی کارەبا و رێگریکردن و کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی کارەبا کە ئەمڕۆ یەکشەممە 7ى ئەیلوولى 2025 ئەنجامدرا.
 
بەگوێرەی راگەیێنراوی نووسینگەی رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی فەرمانی دوورخستنەوەی 15 بەڕێوەبەری ناوەندەکانی کارەباى دەرکردووە، بە پاساوی ئەوەی کەمتەرخەم بوون لە جێبەجێکردنی رێنماییەکانی کۆکردنەوەی داهاتی پارەی کارەبا و بەدواداچوونی دۆسیەی بەفیڕۆدانی کارەبا.
 
لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی بەو تیمەی وەزارەتی کارەبا کرد، دۆسیەی دیاریکردنی بەفیڕۆدانی کارەبا و کۆکردنەوەی پارەی کارەبا بکەنە کاری لەپێشینەی بەڕێوەبەری ناوەندەکان و لقەکانی دابەشکردنی کارەبا.
 
پارەی کارەبا لە عێراق لە 6 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات، بەگوێرەی بڕی بەکارهێنان کە میگاواتە. لە هەندێک لە پارێزگاکاندا لە رێگەی کۆمپانیاى ئەهلییەوە پارەی کارەبا بە شێوازی ئەلیکترۆنی دەدرێت.
 
لەو کۆبوونەوەیەدا، پلانی سێ مانگی داهاتووی وەزارەتی کارەبا و شێوازەکانی پەرەپێدانی پرۆسەی وەرگرتنی پارەی کارەبا و هەنگاونان بۆ پارەدان بە شێوازی ئەلیکترۆنی و دانانی پێوەری کارەبا لەلایەن هاووڵاتییانەوە تاوتوێکران.
 
پێویستیی راستەقینەی عێراق بۆ کارەبا 54 هەزار مێگاواتە، بەڵام بەرهەمەکەی لە وەرزی هاویندا 26 هەزار مێگاواتە.