پیاوێک لە دیالە لەکاتی هەوڵی رفاندنی ژنی پێشوویدا دەستگیرکرا
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی دیالە دەڵێت، هەوڵێکی رفاندنی ژنێک و سێ منداڵەکەی لە ناحیەی ئەبی سەیدا پووچەڵ کراوەتەوە و باندێک دەستگیر کراون.
ئەمڕۆ سێشەممە، عەمید هەیسەم شەمەری، گوتەبێژی پۆلیسی دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەوڵی رفاندنی دایکێک و سێ منداڵیان پووچەڵکردووەتەوە کە لەلایەن هاوژینی پێشووی ژنەکەوە دراوە.
عەمید هەیسەم شەمەری گوتی: "دوای گەیشتنی زانیاری لەلایەن هاوژینی ژنە رفێندراوەکەوە، تیمێکی ئەمنی پێکهێندرا. لەسەر بنچینەی پلانەکە، گومانلێکراوەکان گەمارۆدران، گەڕانی ورد ئەنجامدرا بۆ دەستنیشانکردنی جووڵەی ئەو باندەی هەوڵی ئەنجامدانی تاوانەکەی دابوو."
باندەکە لە سێ کەس پێکهاتبوون. گوتەبێژی پۆلیسی دیالە دەڵێت: "دەرکەوت یەکێک لە تۆمەتبارەکان هاوژینی پێشووی ژنەکەیە و دوو کەسی دیکەش ویستوویانە هاوکاری بکەن بۆ ئەنجامدانی تاوانەکە".