رێگەی بەندەری ئوم قەسر کرایەوە
رووداو - هەولێر
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەسرە بە (تۆڕی میدیایی رووداو) راگەیاند، کاژێر 05:00ـی بەیانی ئەمڕۆ رێگەی بەندەری ئوم قەسر کرایەوە و ئێستا هاتووچۆی بارهەڵگرەکان ئاسایی بووەتەوە.
فەریق روکن قاسم نزال، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەسرە ئاماژەی بەوەکرد، هیچ توندوتیژییەک رووی نەداوە و بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لەگەڵ خۆپیشاندەران بابەتەکە چارەسەر کراوە و خۆپیشاندەران رێگەکەیان کردەوە و ئێستا هیچ گرفتێک لەو بەندەرە نەماوە.
سەبارەت بە دەنگۆی دووبارە داخستنەوەی بەندەرەکە عەلادین ئەلقەیسی، گوتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق بە رووداوی گوت، رێگەی دەروازە بەندەری ئوم قەسر لە پارێزگای بەسرە کراوەتەوە، بەڵام هەندێک کات خۆپیشاندەران دەگەڕێنەوە و رێگەکە دادەخرێتەوە.
لە بەغدا و بەشێک لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق خۆپیشاندان بەردەوامە و حکومەتی عێراق رێوشوێنێکی توندوتۆڵی لە دەورووبەری دامەزراوە حکومی و ناحکومییەکان لە بەغدا و شوێنەکانی دیکە گرتووەتە بەر، لەنێو ئەو دامەزراوانەدا بانکەکان زۆرترین هێزی ئەمنیان بۆ داندراوە.
بەرپرسە سەربازییەکانی عێراق دەڵێن، داخستنی رێگە سەرەکییەکان لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە زیانی شەش ملیار دۆلاری لە وڵاتەکە داوە.
زیاتر لە مانگێک بەسەر خۆپیشاندانەکانی بەغدا و بەشێک لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق تێپەڕدەبێت، تاوەکو ئێستا نزیکەی 300 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 12 هەزار کەس بریندارن.