کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق: خشتەی کاری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسند کرا

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق خشتەى کارى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانى پەسند کرد. گوتەبێژى ئەو کۆمیسیۆنە دەڵێت، "چوارشەممە کۆمیسیۆن لەگەڵ شاندێکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە سەرۆکایەتیى سەرۆکی دیوانى سەرۆکایەتیى ئەنجوومەنى وەزیران کۆدەبێتەوە."
 
رۆژی 7ى تشرینى دووەمی 2023 جومانە غلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەنجوومەنى کۆمیسیاران خشتەى کارى هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانى پەسند کرد، بەم شێوەیە کۆمیسیۆن بەردەوام دەبێت لە کارەکانى بۆئەوەى هەڵبژاردن لە وادەى دیاریکراوى خۆیدا بکرێت لە 25ى شوباتى 2024."
 
جومانە غەلاى ئاشکرای کرد، سبەى چوارشەممە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق لەگەڵ شاندێکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە سەرۆکایەتیى دیوانى سەرۆکایەتیى ئەنجوومەنى وەزیران کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنى ئامادەکارییەکانى کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان.
 
بەگوێرەى خشتەى کارى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن 40 رۆژ دەبێت و دەنگدانى تایبەت لە 23ى شوباتى 2024 دەکرێت.
 
جومانە غەلاى ئاماژەى بەوەش کرد، پێشتر قۆناخەکانى نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەران کراون و رێکارى هەژمارکردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پەسند کراون.
 
گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق گوتى، "پێنج رێنوێنى لەلایەن کۆمیسیۆنەوە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پەسند کراون، لەوانە بانگەشەى هەڵبژاردن، چاودێرانى نێوخۆی و بیانى، هۆکارەکانى راگەیاندن و بریکارى لیست و بەربژێرەکان."