وەزارەتی ناوخۆى عێراق ئەم ساڵ زیاتر لە 1000 ئەفسەر و کارمەندی دەرکردووە

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیرى ناوخۆى عێراق ئاشکرای دەکات، ئەمساڵ 1052 ئەفسەر و کارمەندى وەزارەتى ناوخۆ دەرکراون و دەڵێت، 98%ـی بەقاچاخبردنى نەوتیش نەهێڵدراوە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 7ى تشرینى دووەمی 2023، عەبدولئەمیر شمەرى، وەزیرى ناوخۆى عێراق لەگەڵ ژمارەیەک لە رۆژنامەڤانان لە بەغدا کۆبووەوە.
 
لەو کۆبوونەوەیەدا، کە ئەنمار غازى، پەیامنێرى رووداو بەشداریی تێدا کرد؛ وەزیرى ناوخۆى عێراق رایگەیاند، ئەمساڵ 153 ئەفسەر و 899 کارمەندى وەزارەتى ناوخۆ بەگوێرەى بڕیارى دادگەى هێزەکانى ناوخۆ دەرکراون. هەر ئەمساڵ گرێبەستیان لەگەڵ 37 هەزار پۆلیس کردووە، کە تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 25 ساڵاندایە بە مووچەى مانگانەى 500 هەزار دینار، کە گرێبەستەکەیان بۆ ماوەى سێ ساڵە.
 
لەبارەی رێگریکردن لە بەقاخبردنی نەوت، وەزیرى ناوخۆى عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، توانیویانە 98%ـی پرۆسەى بەقاچاخبردنى نەوت و بەرهەمەکانى نەهێڵن. گوتیشی، لە سەرەتاى ساڵى 2025ـەوە کۆتایی بە کارکردن بە ناسنامەى بارى کەسێتى دەهێنن.
 
عەبدولئەمیر شمەرى لە 28ی تشرینى یەکەمى 2022 لە پەرلەمانى عێراق متمانەى پێدرا بۆ وەرگرتنى پۆستى وەزیرى ناوخۆ.
 
شمەرى لەو کۆبوونەوەیەدا باسی لە دروستکردنی سندوقى پەرەپێدانى هێزەکانى ئاسایشی ناوخۆ کردووە، کە پارەکەى پشت بە داهات و رسوماتى وەزارەتى ناوخۆ دەبەستێت.
 
هەروەها گوتوویەتی، بەرگریى شارستانى دەستیکردووە بە بونیاتنانى 100 بنکە و کڕینى زیاتر لە 130 ئۆتۆمبێلى ئاگرکوژێنەوە.