شیعەکان دەڵێن پۆستی سەرۆکوەزیران بە رێککەوتنە نەک بە ژمارەی کورسی

 
رووداو دیجیتاڵ

هاوپەیمانێتى و پۆستەکانى خولى داهاتووى عێراق، لە گوتە و لێدوانى سەرکردە و لایەنە سیاسییەکان دا لە 24 کاژێرى رابردوودا گەرم بوون.
 
سەرۆک بارزانى رایگەیاند، پەیامیان لە بەغداوە پێگەشتووە بۆ پێکھێنانى هاوپەیمانیى نوێ بۆ راستکردنەوەى دۆخەکە. عەمار حەکیم پێیوایە یەکلاییکردنەوەى پۆستى سەرۆکوەزیران پەیوەست نییە بە ژمارەى کورسییەوە، ئەمینداری کەتیبەکانى حیزبوڵڵاش دەڵێت: حکومەتى نوێ دەبێت لەسەر مێزى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى شیعەکان یەکلایی بکرێتەوە.
 
کۆمیسیۆن ئەپڵیکەیشنێکى بۆ زانینى ئەنجامى هەڵبژاردن دروستکردووە و، بەربژێرێکى کوردیشی بە پێنج ملیۆن دینار سزاداوە، یەکێک لە بەربژێرەکانیش، دوای بڕیار دوورخستنەوەی، سکاڵا لەسەر سەر لیستەکەى تۆمار دەکات.
 
سەرۆک بارزانى: پەیاممان لە بەغداوە پێگەیشتووە بۆ چاککردنەوەى دۆخەکە  
 
سەرۆک بارزانی دەڵێت، بەهۆی ناڕەزاییان لە یاسای هەڵبژاردن، بیریان لە بایکۆتکردنی هەڵبژاردن دەکردەوە، بەڵام دوای ئەوەی زانییان هەندێک لەلایەنە شیعە و سوننەکانیش گەیشتوونەتە هەمان باوەڕ بۆ چاککردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، بڕیاریاندا بەشداری لە هەڵبژاردن دا بکەن.
 
سەرۆک بارزانی، لە هەڤپەیڤینێک دا لەگەڵ کەناڵی شەمس رایگەیاند، "بەهۆی یاساکەوە بیرمان لە بایکۆتکردن کردەوە، ئەو یاسایەی کە هەڵبژاردنی پێدەکرێت، یاسایەکی ستەمکارانە و نادادپەروەرانەیە، ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بە نزیکەیی دیاریکردوون، بۆیە ئەو هەڵبژاردنە سوودی نییە و راستەقینە نییە".
 
سەرۆک بارزانی روونیکردەوە، دیاریکردنی کورسیی پارێزگاکان لە یاسای ئێستای هەڵبژاردن دا لەسەر بنەمای فۆرمی خۆراک دانراون. سەرۆک بارزانی فۆرمی خۆراکی بە "دایکی گەندەڵییەکان" ناوبرد و گوتی "بۆیە ئەم کورسییانە راستەقینە نین، بۆیە بیرمان لە بایکۆت کردەوە، بەڵام دوایی بۆمان دەرکەوت هاوکارانمان، برایانمان لە شیعە و سوننەش گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە ئەو یاسایە بە کەڵک نایێت، هەروەها ئەوەی کە دۆخی ئێستا گونجاو نییە و هیچ بەرەپێشچوونێک فەراهەم نییە، دوای ئەوەی زانیمان ئەو نیازە هەیە لە بەغدا، بۆیە بڕیارماندا بەشداری هەڵبژاردن بکەین، بۆ ئەوەی ببینین کە دەرفەت هەیە لەگەڵ ئەو هێزانە هاوپەیمانی بکەین کە شۆڕشیان کردووە و خزمەتیان کردووە، هەروەها دەرفەتێک هەبێت ئەم سیستمە سیاسییەی ئێستا بخەینە سەر رێگەی راست، ئەگەرنا ئەوکات بۆ هەر رووداوێک قسەیەک هەیە".
 
سەبارەت بە هۆکاری بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردن، سەرۆک بارزانی ئاشکرای کرد، "پەیاممان لە بەغدا و لەو هێزانە پێگەیشت کە بە هاوپەیمان و رەسەنیان دەزانین و رووبەڕووی پشتگوێخستن بوونەتەوە، کە ئامادەن دوای هەڵبژاردن بۆ هاوپەیمانییەکی نوێ لەپێناو چاککردنەوەی دۆخەکە، بەشداریکردن بۆ زیادکردنی کورسی نییە، چونکە کورسییەکان دیاریکراون، بەڵکو بۆ چاککردنەوەی دۆخەکەیە".
 
سەرۆک بارزانی لەبارەی پێکنەهێنانی هاوپەیمانی لەلایەن پارتییەوە بەر لە هەڵبژاردن رایگەیاند، "شتێکی رەوا نییە پێش هەڵبژاردن هاوپەیمانی دروست بکەین، لە دوای هەڵبژاردن دیاری دەکەین کە لەگەڵ کێ هاوپەیمانی بکەین، هۆکاری دیکە ئەوەیە کە هێزی پارتی پێشانی ئەوانی دیکە بدەین".
 
سەرۆک بارزانی لەبارەی درووشمی "یەک ملیۆن دەنگ" گوتی، "هیوادارین. لە هەڵبژاردنی رابردوودا 812 هەزار دەنگمان بەدەستهێنا، بەبێ نەینەوا، کەرکووک، بەغدا و دیالە، بۆیە ئەگەر دەنگی ئەوانە بخەینە سەر 800 هەزار دەنگەکە ئەوا دەگاتە سەروو ملیۆن دەنگ".
 
بەربژێرێک سکاڵا لە دژی سەرۆکی لیستەکەی تۆمار دەکات
 
حوسێن عەرەب، بەربژێری هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، سکاڵای لە دژی سەرۆکی لیستەکەی لە بەغدا تۆمار کردووە، کە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقە.
 
ئەو بەربژێرە لە تۆڕى ئێکس وردەکاریی نووسراوی سکاڵاکەی بڵاوکردووەتەوە کە ئاراستەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی کردووە و تێیدا سوودانی تۆمەتبار دەکات بەوەی پۆستەکەی بەکارهێناوە بۆ بانگەشە.
 
رۆژی 2ى تشرینی دووەم، هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، حوسێن عەرەبی لە لیستەکەی دوورخستەوە، لە دوای ئەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئەو بەربژێرەی دوورخستەوە بە پاساوی ئەوەی بەڵگەنامەکانی بڕوانامەکەی ساختەبوون . هەرچەندە دواتر دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن، حوسێن عەرەبی گەڕاندەوە، دوای ئەوەی تانەی لە بڕیارەکە دا.
 
حوسێن عەرەب، پەرلەمانتاری عێراق لە پشکی پارێزگای بەغدا و لە هەڵبژاردنی 2021ی عێراق وەک بەربژێری سەربەخۆ سەرکەوتبوو.
 
حیزبوڵڵا: حکومەتی داهاتوو لەسەر مێزی چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێکدەهێنرێت
 
ئەمینداری کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق داوا لە حەشدی شەعبی و پیاوانی ئایینی شیعە دەکات بەشداری لە هەڵبژاردنەکان دا بکەن و ئاماژە بەوە دەکات کە حکومەتی داهاتوو "لە ئەلفەوە تاوەکو یا" لەسەر مێزی چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێکدێت و دەڵێت: "ئەگەر پاڵپشتیی حەشدی شەعبی و مقاوەمەی ئیسلامی نەبووایە، سەرۆکوەزیران و حکومەتەکەی نەیاندەتوانی لەسەر کورسی حکومڕانی دابنیشن".
 
ئەبو حوسێن حەمیداوی، راگەیێندراوێکى لەبارەى هەڵبژاردن بڵاوکردەوە و داوای لە پیاوانی ئایینی و سەرۆک هۆز و حەشدی شەعبی کرد کە بە شێوەیەکی کارا لە هەڵبژاردن دا بەشداربن. ئاماژەى بەوەدا، ناکۆکیی لەنێو یەک پێکهاتەدا چەند گەورە بێت لەژێر چەترێکی دڵنیاکەردا دەمێنێتەوە کە مەرجەعییەتە، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ ناکۆکیی نێوان هێزە شیعەکان.
 
ئەبو حوسێن حەمیداوی دەڵێت: "حکومەتی داهاتوو لە ئەلفەوە تاوەکو یا لەسەر مێزی چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێکدەهێنرێت؛ بە پاڵپشتیی مقاوەمەی ئیسلامی و حەشدی شەعبی".
 
ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقی ئاماژە بەوە دەکات، شیعە سێ ساڵ حکومڕانی کردووە 'وەک ئاماژەیەک بۆ حکومەتی ئێستا کە لە تشرینی یەکەمی 2022 پێکهێنرا'. دەشڵێت: "بێگومان دەستکەوتەکانی بۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی و مقاوەمەی ئیسلامی و حەشدی شەعبی هەژمار دەکرێن. ئەگەر پاڵپشتی و پشتیوانیی بێسنووری ئەوان نەبووایە سەرۆکوەزیران و حکومەتەکەی لەسەر مێزی حکومڕانی و بەڕێوەبردن دانەدەنیشتن".
 
کۆمیسیۆن ئەپڵیکەیشنى زانینى ئەنجامى هەڵبژاردنەکانى راگەیاند 
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەپڵیکەیشنێکى راگەیاند کە دەتوانرێت لە رێگەیەوە ئەنجامى دەنگدان لە وێستگەکان بزانرێت.
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو ئەپڵیکەیشنە لە هەموو وێستگەیەکی دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەبێت و ئەو بارکۆدەی تێدا دەبێت کە لەسەر شریتى دەنگدانى ئەو وێستگانە هەیە".
 
زیاتر لە 43 هەزار وێستگە بۆ هەردوو دەنگدانی گشتی و تایبەتی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە عێراق و هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە.
 
ئەو رێکارەی کۆمیسیۆن بۆ ئاسانکارییە بۆ رۆژنامەڤانان، بریکارى لایەنە سیاسییەکان، بەربژێران و رێکخراوەکانى چاودێریی هەڵبژاردن کە بۆ هەردوو سیستەمی ئەندرۆید و ئایفۆن ئامادە کراوە و، لە رێگەى QR  دەتوانن ئەو زانیارییانە وەربگرن.
 
لینکى ئەپڵیکەیشنەکە:
 
ئەندرۆید 
ئایفۆن
 
 
بەربژێرێکى کورد بە پێنج ملیۆن دینار سزادرا 
 
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاریدا غالیب محەممەد عەلی، بەربژێری لیستی رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی لە بازنەی سلێمانی بە پێنج ملیۆن دینار پێبژاردن سزابدات.
 
سزاکە بەهۆی پێشێلکردنی مادەی 32 لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان و مادەی 13ی رێکارەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن بووە.
 
مادەی 32ی یاسای هەڵبژاردن تایبەتە بە چەواشەکردنی دەنگدەر و بەکارهێنانی شێوازی بریندارکەر و ناوزڕاندن لە دژی رکابەرەکان. مادەی 13ی رێکارەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنیش تایبەتە بە قەدەخەکردنی بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروست و ناوزڕاندن.
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، یاسیر حوسێنی، بەربژێری لیستی خزمەتگوزاری لە بابل بە پێنج ملیۆن دینار سزاداوە، بەهۆی پێشێلکردنی چەند مادە و بڕگەیەکی یاسای هەڵبژاردن و رێکارەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن کە تایبەتن بە ناوزڕاندن و گوتاری تایفەگەری.
 
دوو بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیاران تایبەتە بە گەڕاندنەوەی بەربژێران لە دوای دوورخستنەوەیان. ئیبراهیم هادی لە لیستی رێکخراوی بەدر لە بابل، لەگەڵ ئیبراهیم حەبیب لە هاوپەیمانی (ئەبشیر یا عێراق) لە هەمان پارێزگا گەڕێندراونەتەوە بۆ لیستەکانیان.
 
بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، تاوەکو 6ی تشرینی دووەم، 848 بەربژێر دوورخراونەتەوە و ئێستا ژمارەی بەربژێران گەیشتووەتە 7 هەزار و 744 کەس.
 
خەمیس خەنجەر: گرووپی چەکدار لە نەینەوا مێرسیدسیان پێیە و خەڵک دەترسێنن
 
خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەری رایگەیاند: گرووپێکی چەکدار لە دەشتی نەینەوا هەن کە "قژیان بەستووە و چاویلکەیان لە چاودایە و ئۆتۆمبێلی مێرسیدسیان پێیە، خەڵک دەترسێنن و دەستدرێژیی دەکەنە سەر موڵک و ماڵی خەڵک، تەنانەت کریستیانەکانیش".
 
خەمیس خەنجەر، دەڵێ سوننە لە پارێزگای نەینەوا، "ئیرادەی سیاسییان بە زۆر بەسەردا دەسەپێندرێت و دەست بەسەر ئیرادەیاندا دەگیرێت لە رێگەی گوشار، هەڕەشە و پارەوە".
 
سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەری رایگەیاند، پێشتر تۆمەتباریان کردووە بەوەی تیرۆریستە و لە دادگەش بێتاوانیی خۆی سەلماندووە. هەروەها تۆمەتبار کراوە بەوەی بەعسی، ئیخوان و مەدخەلییە. بە گوتەی ئەو هیچ کام لەو تۆمەتانە سەریان نەگرتووە.
 
سەدر: تاوەکو رۆژی هەڵبژاردن گردبوونەوە رابگرن
 
داوا لە موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە کراوە لەبارەی چەند چالاکییەک هەڵوێستی خۆی ئاشکرا بکات و لە وەڵامدا داوای کردووە گردبوونەوەکان بۆ پاڵپشتی لە چاکسازیی رەوتەکەی تاوەکو رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رابگیرێن، کە لە 11ی تشرینی دووەم دەکرێت.
 
سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە لەبارەی زانیاریی "گوشار خستنەسەر ژمارەیەک لە سەربازان بۆ بەشداریکردن لە دەنگدانی تایبەت"، دەڵێت: "خوای گەورە لە هەموو خراپەیەک بتانپارێزێت".
 
موقتەدا سەدر سوپاسی گەنجێکیشی کردووە کە ئامادە نەبووە کار لەگەڵ باوکى بکات بەهۆى ئەوەى بەربژێرە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق. 
 
عەمار حەکیم: ژمارەی کورسیی پەرلەمان پۆستی سەرۆکوەزیران یەکلایی ناکاتەوە
 
سەرۆکی رەوتی حیکمە رایگەیاند: "هاوکێشەى سەرۆکوەزیران لە سیستمی سیاسیی ئێستادا پەیوەندی بە ژمارەی کورسییەوە نییە. ئەوەی یەکلایی دەکاتەوە ئیرادەی سیاسی و لێکتێگەیشتنی نێوان لایەنە سیاسییەکانە".
 
عەمار حەکیم، کە هاوکات سەرۆکی هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانییە و بەشدارە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دا، جەخت لەسەر ئەوە دەکات کە "سەرۆکوەزیرانێکمان دەوێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ویستراوبێت و پێویستە دیاریکردنی عێراقییانە بێت، نەک لایەنی دەرەکی بیسەپێنێت".
 
عەمار حەکیم رایگەیاند: "سنوردارکردنی چەک بە دەستی دەوڵەتەوە ئیرادە و داواکارییەکی نیشتمانییە، بەر لەوەی داواکارییەکی دەرەکی بێت".
 
'تاوتوێى سەرۆکوەزیرانى داهاتوو نەکراوە'
 
نوورى مالیکى، سەرۆکى هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسای رایگەیاند: بەربژێرى سەرۆکوەزیران پەیوەست نییە بە ژمارەى کورسیی بەدەستهاتوو و میکانیزمێکى جیاوازى هەیە.
 
مالیکى رایگەیاند، چوارچێوەى هاوئاهەنگى بڕیارى واى نییە کە هیچ کەسێک دوو خول لە دواى یەک سەرۆکوەزیران نەبێت.
سەرۆکى هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا گوتیشی: "تاوەکو ئێستا نەچوونەتە ناو وردەکاریى تایبەتمەندیى سەرۆکوەزیران و کێ دەبێت، پێویستە سەرۆکوەزیران لە چوارچێوەى هاوئاهەنگى بێت."
 
 هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە 11ى تشرینى دووەم دەکرێت، دواتر یەکلاکردنەوەى پرسی پێکهێنانى حکومەت و سەرۆکوەزیرانى نوێ یەکلا دەکرێتەوە.
 
 محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پارتى تەقەدوومیش، بەدوورى زانى پۆستى سەرۆکوەزیران بەزوویی و لەسەر بنەماى ئەنجامى هەڵبژاردنەکان یەکلا بکرێتەوە. 
  
حەلبووسی: ئەو 19 پەرلەمانتارەی لێم جیابوونەتەوە هیچیان دەرناچنەوە
 
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم رایگەیاند: "ئێران وڵاتێکی دراوسێیە و 1400 کیلۆمەتر سنوورمان هەیە، لێکتێگەیشتن لەگەڵیدا گرنگە، بەڵام نەک بەشێوەیەکی تەواوی ببێتە جێگرەوەى دەوڵەت، جگە لەوەش، فۆبیایەک هەیە وەک ئەوەی هاووڵاتیی شیعە بەبێ ئێران بە ئامانج دەگیرێت، ئەوەش راست نییە".
 
محەممەد حەلبووسی دەڵێ: "19 پەرلەمانتار لە فراکسیۆنەکەم جیابوونەتەوە، بەڵام بە بڕوای من هیچ کام لەو بەربژێرانە ناتوانن لە هەڵبژاردن سەر بکەونەوە".
 
سەرۆکی پارتی تەقەدووم رایگەیاند "سوننە خۆی دیاری دەکات کە سەرۆککۆمار یان یان سەرۆکی پەرلەمانی دەوێت، ئەگەری هەیە سوننە سەرۆکی پەرلەمانی پێ باشتربێت لەبەرئەوەی داواکارییەکانیان زیاتر پەیوەستە بە دەرکردنی یاساوە، بەڵام ناکرێت بژاردەکانمان بە زۆر بەسەردا بسەپێندرێن".
 
رێژەى وەرگرتنەوەى کارتى نوێى دەنگدان گەیشتە76.1%
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماری وەرگرتنەوەی کارتی نوێی دەنگدانی بڵاوکردەوە کە تاوەکو 6ی تشرینی دووەمی 2024 وەرگیراونەتەوە.
 
دهۆک یەکەم و هەولێر سێیەمە لەسەر ئاستی عێراق لە وەرگرتنەوەی کارتی نوێی دەنگدان، لە کەرکووک نزیکەی 130 هەزار لەو کارتانە دابەشکراون و لە نەجەفیش کەمترین کارت وەرگیراونەتەوە.
 
لە 3 ملیۆن و 583 هەزار و 649 کارتی نوێی دەنگدان، دوو ملیۆن و 727 هەزار و 549یان وەرگیراونەتەوە کە دەکاتە 76.1%ی هەموو کارتەکان. 856 هەزار و 145 کارت وەرنەگیراونەتەوە کە دەکاتە 23.9%.
 
پارێزگای دهۆک لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان پلەی یەکەمی هەیە لە وەرگرتنەوەی کارتی نوێی دەنگدان، کە 85 هەزار و 751 کارت بووە و دەکاتە 93.4%. 
 
نەینەوا لە پلەی دووەمدایە و 412 هەزار و 52 کارت دابەشکراون کە 90.4%ی کارتە نوێیەکانی ئەو پارێزگایەیە.
 
لە هەولێر، 145 هەزار و 571 کارتی دەنگدان وەرگیراونەتەوە کە دەکاتە 89.7%ی هەموو کارتەکان و پلەی سێیەمە لەسەر ئاستی عێراق و دوومە لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان، بەڵام  16 هەزار و 659 کارت لەو پارێزگایە ماون کە وەرنەگیراونەتەوە.
 
ژمارەی ئەو کارتە نوێیانەی کە لە پارێزگای سلێمانی وەرگیرانەوە، 110 هەزار و 943 کارتن کە دەکاتە 82.3%ی کارتەکانی دەنگدانی ئەو پارێزگایە، 23 هەزار و 880 کارت ماون دابەش بکرێن.
 
لە کەرکووک، 129 هەزار و 390 کارتی نوێی دەنگدان دابەشکراون کە 86.1%ی هەموو کارتە نوێیەکانی دەنگدانی پارێزگاکەیە و تاوەکو 6ی تشرینی دووەم 20 هەزار و 950 کارت ماون وەربگیرێنەوە.
 
لەسەر ئاستی عێراق کەمترین کارتی نوێی دەنگدان کە وەرگیرابنەوە لە پارێزگای نەجەف بووە کە 69 هەزار و 159 کارتی دەنگدان دابەشکراون و دەکاتە 54.5%ی تێکڕای ژمارەی کارتەکان، 57 هەزار و 710 کارتی نوێی دەنگدان لەو پارێزگایە وەرنەگیراونەتەوە.
 
کۆمکاری عەرەبی تیمێک دەنێرێت بۆ چاودێریی هەڵبژاردنی عێراق
 
ئەحمەد ئەبو غەیس، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی بڕیاریدا کە نوێنەرایەتیی کۆمکارەکە بە سەرۆکایەتیی فائیز مستەفا رابسپێرێت بۆ چاودێریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
 
بەگوێرەی کۆمکاری عەرەبی، ئەو هەنگاوە لەسەر داوای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بووە بۆ بەشداریکردنیان لە چاودێریی هەڵبژاردن.
 
ئەندامانی ئەو تیمەی کۆمکاری عەرەبی پێکهاتوون لە پێنج کەس کە لە پێنج وڵاتی جیاوازی عەرەبین.
 
کۆمکاری عەرەبی رایگەیاندووە، ئەو تیمەیان لە دوای کۆتاییهاتنی دەنگدان، راپۆرتێک لەبارەی ئەو هەڵبژاردنەوە ئاراستەی ئەمینداری گشتیی کۆمکارەکە دەکات و راسپاردەی تێدا دەخەنەڕوو تاوەکو دواتر ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراقی بکات.