ئەسمەرەکان لە عێراق دوو بەربژێریان هەیە و چاویان لە کۆتا و نەهێشتنی جیاکارییە
رووداو دیجیتاڵ
بە دەم چاککردنەوەی پۆستەرە دڕێنراوەکەیەوە لە بەسرە، ماجید خالیدی، بەربژێری پێست ئەسمەرەکان لە لیستی سادیقوون دەیگوت "نازانین بۆ وای لێکراوە، ئایا لەبەر ئەوەیە کە رەنگی پێستم رەشە؟"
ئەو بەربژێرەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لەو کەمینەیەن کە خۆیان بە رەش ئەسمەر دەناسێنن. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆیەکی لەکاتی چاککردنەوەی پۆستەرێکى قەبارە گەورە بڵاوکردووەتەوە کە لەسەر یەکێک لە شەقامە سەرەکییەکانی پارێزگای بەسرەی باشووری عێراق داینابوو.
زۆرینەی پێست ئەسمەرەکانی عێراق لە پارێزگای بەسرە دەژین، قەزای زوبێر جێگەی نیشتەجێبوونی زۆرینەیانە.
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئەسمەرەکان دوو بەربژێریان لە دوو لیستی جیاوازی شیعەکاندا لە بەسرە هەیە.
ماجید خالیدی، بەربژێری لیستی سادیقوونە کە سەر بە بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلیی حەقە، زینەب گرملی، بەربژێرە لە لیستی دەوڵەتی یاسا کە نووری مالیکی سەرۆکایەتی دەکات.
زەینەب گرملی بە رووداوی گوت: "دەمانەوێت بەرگری لە مافی پێست ئەسمەرەکان بکەین، بەهۆی جیاوازیی کولتووریمانەوە کە نزیکە لە وڵاتانی کەنداو، رووبەڕووی تانەلێدان دەبینەوە."
ئەو دوو بەربژێرە چوونەتە نێو کێبڕکێی ئەو 571 بەربژێرەی کە کار بۆ بەدەستهێنانی 25 کورسیی پشکی پارێزگای بەسرە دەکەن بۆ پەرلەمانی عێراق، کە شەشیان کۆتای ژنانن.
خواستەکەیان بۆ بەدەستهێنانی ئەو مافانەیە لە بەڕێوەبردن کە بە گوتەی خۆیان تاوەکو ئێستا پێیان نەدراوە، زەینەب گرملی گوتى، "دەمانەوێت پشکمان لە پۆستە باڵاکان هەبێت."
پێست ئەسمەرەکانی بەسرە لەنێو حکومەتی خۆجێیی بەسرە هیچ پۆستێکی باڵایان نییە، تاوەکو ئێستاش هیچ پەرلەمانتارێکیان بۆ عێراق سەرنەخستووە.
هاووڵاتییانی ئەو کەمینەیە چاویان لەسەر پڕۆژەیاسای پاراستنی کەمینەکانە کە لەم خولەى پەرلەمانى عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە بەڵام پەسند نەکراوە.
یەکێک لەو پێکهاتانەى لە پڕۆژە یاساکە ئاماژەی پێکراوە، پێست ئەسمەرەکانن کە یاساکە لە دوای جێبەجێکردنی دەیانگرێتەوە.
سەڵاح سەلمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوی ئەنسار حوڕییە کە تایبەتە بە بەرگریکردن لە پێست ئەسمەرەکان، بە رووداوی گوت: "چاوەڕێی پەرلەمانین ئەو پڕۆژەیاسایە پەسند بکات بۆ ئەوەی وەک پێکهاتەیەک بناسێنرێن، تاوەکو دواتر وەک پێکهاتەکانی دیکە داوای کۆتا بکەین لە پەرلەمانی عێراق."
بە گوتەی ئەو دوو کەسە پێست ئەسمەرانەی کە رووداو قسەی لەگەڵ کردوون، لە نێوان یەک ملیۆن و 500 هەزار بۆ دوو ملیۆن کەس لەو کەمینەیە لە عێراق هەن، بەڵام هیچ ناوەندێکی فەرمیی عێراق ژمارەکەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
سەڵاح سەلمان دەڵێت: "نزیکەی هەزار کەسمان لە دواى 2023 کۆچیان کردووە بۆ دەرەوەی وڵات."
راپۆرتێکی رووداو لەبارەی ژیانی ئەسمەرەکانی عێراق لە ساڵی 2024 ببینن