زیاتر لە 41٪ی خاکی عێراق بیابانە و رووبەری ئاوی 1.25٪ـە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەزگەی ناوەندی ئاماری عێراق رایگەیاند، زیاتر لە 41٪ی خاکی عێراق بیابانە و رووبەری ئاویش تەنیا 1.25٪یە.
زیا عەواد، سەرۆکی دەزگای ناوەندی ئامار لە وەزارەتی پلادانانی عێراق، بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاند، بیابان 41.89٪ی کۆی گشتیی خاکی عێراق پێکدەهێنێت، ئەمەش بەوە جیادەکرێتەوە خاکەکەی لم، یان بەردەڵانە و رووەک و نیشتەجێبوونی مرۆڤی تێدا کەمە.
سەرۆکی دەزگای ناوەندی ئامار لە وەزارەتی پلادانانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، رووبەری ئاوی لە عێراق بۆ 1.25٪ کەمبووەتەوە، هەردوو رووباری دیجلە و فورات گرنگترین سەرچاوی ئاون.
زیا عەواد دەشڵێت، زەویی کشتوکاڵی جێهێڵدراو 22.21٪یە، ئەوەش بەهۆی ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەرووی جووتیارانی عێراق بووەتەوە وەک کەمئاویی و خراپبوونی خاکەکە. زەویی شێدار 0.26٪، زەویی بەراو ٪5.78 و دێمی 0.55٪ پێکدەهێنێت، لە زەوی دێمی ئەو بەرهەمانە زیاتر دەچێنرێت کە پێویستیان بە ئاوی کەمە.
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراق یەكێکە لەو پێنج وڵاتەی زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە؛ بەوەش وشکەساڵی زۆرتر دەبێت و گەردەلوولی بیابانیش لمی زیاتر بەسەر میراتە نەتەوەییەکاندا دەدات.
بەگوێرەی ئەو ئامارەی تۆڕی میدیایی رووداو لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وەریگرتوون، لە 10 ساڵی داهاتوودا لە چەند شوێنێکی عێراق بارانبارین 27% کەم دەکات.
بەگوێرەی ئامارەکانی بانکی جیهانی، لە ساڵی 2022دا، 7%ـی جووتیارانی پارێزگاکانی زیقار، بەسرە و میسان بەهۆی کەمیی ئاوەوە زەوییەکانیان جێهێشتووە.