لە دەروازەیەکی عێراقدا دەست بەسەر 240 مۆری ناوی دەرماندا گیرا
رووداو دیجیتاڵ
لە دەروازەی سنووریی ترێبلی عێراق دەست بەسەر 240 مۆری ناوی دەرماندا گیرا، کە هەوڵ دەدرا لە رێگەیانەوە دەرمانی بەرهەمهێندراوی نێوخۆیی بکرێتە دەرمانی براندی جیهانی.
عەلادین قەیسی، گوتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 07-12-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی سنووریی ترێبل بە هاوکاریی بنکەی گومرگ و فەرمانگە پشتیوانەکان، دوێنێ شەممە شۆفێرێکی تەکسییان دەستگیرکرد کە جانتایەکی سەفەری پێبوو و 240 مۆری تێدابوو کە ناوی کۆمپانیا جیاوازەکانی دەرمانیان لەسەر بوو."
دەروازەی ترێبل دەکەوێتە سنووری پارێزگای ئەنبار، خاڵی سنووریی نێوان عێراق و ئوردنە. عەلادین قەیسی گوتیشی، "مۆرەکان بە شێوەی پۆست لە نووسینگەیەکی گەشتیارییەوە نێردرابوون و هیچ رەزامەندییەکی وەزارەتی تەندروستیی عێراقیان نەبوو."
عەلادین قەیسی ئاماژەی بەوەش کرد، شۆفێرە عێراقییەکە لەگەڵ ئۆتۆمبێل و کەرەستە دەستبەسەرداگیراوەکان رەوانەی بنکەی پۆلیسی گومرگی ترێبل کراوە، بۆ ئەوەی بابەتەکە بخرێتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەی قەزاری روتبە و رێکاری یاسایی پێویست بەرامبەری بگیرێتە بەر.
عەلادین قەیسی روونی کردەوە، "ئەو مۆرانە بۆ ئەوە بەکاردەهێنرێن کە مۆری براندی کۆمپانیا جیهانییەکان لە دەرمانی بەرهەمهێندراوی نێوخۆیی بدەن، هەروەها دەرمانی رێگەپێنەدراو و بێ مۆڵەتی وەزارەتی تەندروستیی پێ ساخ بکەنەوە، کە ئەوەش مەترسییەکی گەورە لەسەر تەندروستیی نەخۆش دروست دەکات."
گوتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکان گوتیشی، "ئەو مۆرانە لە دەرمانی جیاواز دەدرێن، لەوانەش دەرمانەکانی شێرپەنجە، دڵ و بەرزیی پەستانی خوێن."