بەرگریی شارستانیی عێراق: لە ستوونەکانی کارەبا نزیک مەکەونەوە و گەشتەکانتان سنووردار بکەن
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی هاتنی شەپۆلێکی بارانبارینەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی عێراق داوا لە هاووڵاتیان دەکات، لە ستوونەکانی کارەبا نزیک مەکەونەوە، بۆ کاری زۆر پێویستیش نەبێت گەشتی نێوان پارێزگاکان نەکەن.
نەواس سەباح شاکر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 7ی کانوونی یەکەمی 2025 لە رێگەی رووداوەوە داوای لە هاووڵاتییان کرد لە کاتی بارانی بەخوڕ پابەندی رێنوێنییەکانیان بن و لە ستوونەکانی کارەبا و تەلە شۆڕبووەوەکان نزیک نەکەونەوە، بۆ ئەوەی تووشی رووداوی نەخوازراو نەبن.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی داواشی کرد، لە کاتی باران هاووڵاتییان لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە، مەگەر بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت، هەروەها لە رێگەی میدیاکانەوە بەدواداچوون بۆ بڵاوکراوەکانی کەشناسی بکەن بۆ ئاگاداربوون لە نوێترین گۆڕانکارییەکان.
نەواس سەباح شاکر هۆشداریی دا لە گەشتکردن لە نێوان ئەو پارێزگایانەی کە ئەگەری بارانی بەخوڕیان لێدەکرێت و داوای کرد، تەواو پابەندی رێکارەکانی سەلامەتیی هاتووچۆ و خێرایی دیاریکراو بن."
بەرگریی شارستانیی عێراق داوای لە هاووڵاتییان کرد، خۆیان لە دابەزین بۆ نێو دۆڵ و ناوچە نزمەکانی نزیک بناری شاخ و گردەکان بەدوور بگرن، وەکو هۆشدارییەک بۆ ئەگەری دروستبوونی لافاو لە ناوچانە.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، لەکاتی پێویست و رووداوی لەناکاو، هاووڵاتییان دەتوانن پەیوەندی بە ژمارە 115ی کۆنترۆڵی بەرگریی شارستانییەوە بکەن، کە لەسەرجەم تۆڕەکاندا بێ بەرامبەرە.
بەگوێرەی کەشناسیی عێراق و هەرێمی کوردستان، لە ئەمڕۆوە شەپۆلێکی بارانبارین بەشێک لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت. کەشناسان هۆشداری لە ئەگەری دروستبوونی لافاو لە هەندێک ناوچە دەدەن.