سوننەکان لەسەر هیچ بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رێکنەکەوتوون


رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی کە پارت و هاوپەیمانێتییە سەرەکییەکانی سوننە لەخۆدەگرێ، هێشتا نەگەیشتووەتە رێککەوتن لەسەر دیاریکردنی یەک بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و تەنانەت ئەگەری هەیە بە دوو بەربژێرەوە بچنە دانیشتنی پەرلەمان.

محەممەد دەحام فەهداوی، سەرکردە لە هاوپەیمانیی عەزم، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا بە فەرمی هیچ ناوێک لەلایەن ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانییەوە بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دیاری نەکراوە."
 
فەهداوی گوتیشی: "لەسەر بنەمای میکانیزمی سازان رێککەوتن کراوە، بەڵام رێککەوتن و سازان لەسەر هیچ ناوێک نەکراوە. ئەگەر حیزبی تەقەدووم سوور بێت لەسەر بەربژێرکردنی حەلبووسی، کەسایەتییەکی دیکەی لەگەڵ پێشنیاز دەکرێ و هەردووکیان دەچنە پەرلەمان بۆ دەنگدان."
 
سەرکردەکەی هاوپەیمانیی عەزم ئاماژەی بەوەش کرد، تەنیا سوننەکان بڕیار لەسەر سەرۆکی پەرلەمان نادەن و پێکهاتەکانی دیکەش رۆڵیان دەبێ. 
 
بەپێی ئەو نەریتە سیاسییەی دوای ساڵی 2003 لە عێراقدا هەیە، پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆ سوننە، پۆستی سەرۆککۆمار بۆ کورد و پۆستی سەرۆکوەزیران بۆ شیعەیە.
 
هاوکات عەزام حەمدانی، سەرکردە لە هاوپەیمانیی عەزم، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆ دابەشکردنی 6 وەزارەتەکەی پشکی سوننە، پشت بە دوو پێوەر دەبەسترێت: سازان و خاڵ.
 
حەمدانی گوتی: "پێوەری سازان پشت بە لێکتێگەیشتن دەبەستێت. ئەگەر ئەنجوومەنی سیاسی بەربژێرێک پێشنیاز بکات، دەبێت لایەنە شیعە و کوردەکانیش لەسەری رێکبکەون، بۆیە سازان چارەسەرێکی گونجاوە."
 
بە گوتەی حەمدانی، ئەگەر سازان سەرنەگرێ، سیستمی خاڵەکان پەیڕەو دەکرێ "بەجۆرێک 25 خاڵ بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و 8 خاڵ بۆ هەر وەزارەتێک دانراوە."
 
عەزام حەمدانی گوتی، رێککەوتن کراوە کە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان مافی پێکهاتەی سوننەیە، نەک پارتێک یان کەسێک؛ گوتیشی: "رێککەوتنەکە ئەوەیە کە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دەبێت لەلایەن سەرکردەکانی ریزی یەکەمی پێکهاتەی سوننەوە پڕبکرێتەوە."