ئەنجوومەنی باڵای دادوەری: دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان سەرجەم تانەکانی یەکلایی کردەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، دەستەی دادوەریی تایبەت بە هەڵبژاردنەکان، سەرجەم ئەو تانانەی یەکلایی کردەوە کە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان پێشکێش کرابوون.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی ئەنجوومەنەکە، "دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان دۆسیەی سەرجەم تانەکانی یەکلاکردەوە و بڕیاری کۆتایی لەبارەوە داون.کۆی گشتیی تانەکانیش 853 تانە بوو."
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، 07-12-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هیچ تانەیەکی سوور نەبووە، تانەکانیش گۆڕانکاری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن دروست ناکەن."
سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتیشی، دوای ئەوەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن سەرجەم تانەکانی یەکلاییکردەوە، کۆمیسیۆن ئەم هەفتەیە ئەنجامی کۆتایی رەوانەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق دەکات بە مەبەستی پەسندکردنی.
بەگوێرەی دەستووری عێراق، یەکێک لە ئەرکەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی، پەسندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانە.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، لە رۆژی 09-11-2025 بە دەنگدانی تایبەت دەستیپێکرد و رۆژی 11-11-2025 دەنگدانی گشتی بەڕێوەچوو؛ رۆژی 17ـی ئەم مانگەش کۆمیسیۆن ئەنجامی کۆتایی پرۆسەکەی راگەیاند.