کۆمیسیۆن بۆ رووداو: نەجم جبووری دوورخرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
نەجم جبووری، بەربژێری سەرکەوتووی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەلایەن دەستەی دادوەرییەوە دوورخرایەوە.
هەریەک لە جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و هەیمان تەحسین، بەڕێوەبەری گشتیی پارت و رێکخراوەکان لە کۆمیسیۆن، ئەمڕۆ یەکشەممە 7-12-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند: نەجم جبووری، بەربژێری سەرکەوتوو لە پارێزگای نەینەوا لەلایەن دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەوە دوورخراوەتەوە.
سەبارەت بە هۆکارەکەشی، بەرپرسانی کۆمیسیۆن ئاماژەیان بەوە کردووە کە نەجم جبووری "رێکارەکانی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری (بەعسیوون) دەیگرێتەوە"، بۆیە مافی ئەوەی نابێت ببێتە ئەندامی پەرلەمان.
نەجم عەبدوڵڵا عەبد ساڵح جبووری، سەرۆلی لیستی نەینەوا لیئەهلیها لە بازنەی نەینەوا، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەسەر ئاستی پارێزگاکە زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا، کە 39464 دەنگ بوو، لیستەکەشی 111225 دەنگی هێنا و سێ کورسی مسۆگەر کرد.
بە دوورخستنەوەی نەجم جبووری، دەنگەکانی لیستەکە بۆ 39464 دەنگ کەمدەبێتەوە و ژمارەی کورسییەکانیشی دەبێتە دوو کورسی، بەو ئەنجامە ژمارەی کورسییەکانی لیستی مەشرووعی عەرەبی لە یەک کورسییەوە دەبێتە دوو کورسی. فەرحان ساڵح تورکی عەران علی، بەربژێری لیستی مەشرووعی عەرەبی، کە 5573 دەنگی هێنابوو، وەکو بەربژێری سەرکەوتوو هەژمار دەکرێت.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، دەستەی دادوەریی تایبەت بە هەڵبژاردنەکان، سەرجەم ئەو تانانەی یەکلایی کردەوە کە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان پێشکێش کرابوون.
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی ئەنجوومەنەکە، "دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان دۆسیەی سەرجەم تانەکانی یەکلاکردەوە و بڕیاری کۆتایی لەبارەوە داون.کۆی گشتیی تانەکانیش 853 تانە بوو."
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، 07-12-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هیچ تانەیەکی سوور نەبووە، تانەکانیش گۆڕانکاری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن دروست ناکەن."
سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتیشی، دوای ئەوەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن سەرجەم تانەکانی یەکلاییکردەوە، کۆمیسیۆن ئەم هەفتەیە ئەنجامی کۆتایی رەوانەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق دەکات بە مەبەستی پەسندکردنی.
بە گوێرەی دەستووری عێراق، یەکێک لە ئەرکەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی، پەسندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانە.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، لە رۆژی 09-11-2025 بە دەنگدانی تایبەت دەستیپێکرد و رۆژی 11-11-2025 دەنگدانی گشتی بەڕێوەچوو؛ شەش رۆژ دواتر کۆمیسیۆن ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکەی راگەیاند.