پێوەرێکى چوارچێوەى هاوئاهەنگى: 10 کورسی بەرامبەرە بە پۆستێکى پارێزگار
رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى پێوەر بۆ دابەشکردنى پۆستى پارێزگار لە پارێزگا زۆرینە شیعەکان دادەنێت، کە هەر لیستێک 10 کورسى هەبێت پۆستێکى پارێزگارى بەردەکەوێت، بەو پێوەرە گرووپەکانى نزیک لە حەشدی شەعبی چوار پارێزگار و دەوڵەتى یاسا سێ پارێزگاریان بەردەکەوێت.
ئەبو میساق مەسارى، ئەندامى مەکتەبی سیاسیى رێکخراوى بەدر، کە یەکێکە لە پێکهێنەرانى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەو هاوپەیمانێتییە پێوەرێکى بۆ دابەشکارى پارێزگارەکان لە نێوان پێکهاتەکانیدا داناوە کە هەر لیستێک 10 خاڵى هەبێت پارێزگارێکى پێدەدرێت و هەر ئەندامێکى ئەنجوومەنى پارێزگا بە خاڵێک هەژمار دەکرێت."
لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق لە 18ـی کانوونى یەکەمى 2023، پێکهێنەرانى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى لە 10 پارێزگاى زۆرینە شیعە بە سێ لیستى جیاواز بەشدارییان کرد، کە پێکھاتوون لە نەبنى کە لە هاوپەیمانیى فەتح و گرووپەکانى نزیک لە حەشدی شەعبی پێکهاتوون، هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسا بە سەرۆکایەتیى نوورى مالیکی و هاوپەیمانیى قیوەى دەولە بە سەرۆکایەتیى حەیدەر عەبادى.
نەبنى 44 کورسى لەو هەڵبژاردنە بەدەستهێناوە، دەوڵەتى یاسا 36 کورسی و هاوپەیمانیى قیوەى دەولە 23 کورسی.
بە گوێرەى ئەوپێوەرەى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى کە زۆرینەى هێزە شیعەکان لە خۆدەگرێت، نەبنى چوار پارێزگار و دەوڵەتى یاسا سێ پارێزگار و هاوپەیمانیى قیوەى دەولە دوو پارێزگارى بەردەکەوێت.
ئەبوو میساق مەسارى، ئاماژەى بەوەدا کە "هەر لیستێکى براوە کە ژمارەى خاڵەکانى نەگەیشتە 10 خاڵ، پۆستى دیکەى دەدرێتێ، لەوانە سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگا، جێگرى پارێزگار بۆ کاروبارى کارگێڕیی یان تەکنیکی."