نەتەوە یەکگرتووەکان: دەبێت عێراق کار بۆ گەڕانەوەی ئێزدییەکان بکات

 
رووداو دیجیتاڵ

رێکخەری کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دۆسیەی کوردانی ئێزدی بە "هەستیار و ئاڵۆز" ناودەبات، داوا لە بەغدا دەکات ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەیان بکات. هاوکات جەخت دەکاتەوە، بە کۆتاییهاتنی ئەرکی یونامی، نەتەوە یەکگرتووەکان عێراق جێناهێڵێت، بەڵکو شێوازی کارکردنی دەگۆڕێت.
 
غوڵام ئیساکزای، رێکخەری نیشتەجێ و کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند، نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوامە لە داکۆکیکردن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، بەتایبەت ئەو ئێزدییانەی هێشتا لە ناوچە جیاوازەکانی عێراقی فیدراڵدا ماونەتەوە.
 
ئیساکزای دەڵێت، "ئەمانە لە کۆتاییدا عێراقین و پێویستە حکومەت کاری زیاتر بکات بۆ ئاسانکاریی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەیان،" هیواشی خواست حکومەتی نوێی عێراق بە جیدی کار لەسەر دۆسیەکە بکات، بۆئەوەی چارەسەرێکی شکۆمەندانە بۆ دۆخی ئێزدییەکان بدۆزرێتەوە.
 
سەبارەت بە داهاتووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی (یونامی) لە 31-12-2025، ئیساکزای دڵنیایی دا کە "نەتەوە یەکگرتووەکان عێراق جێناهێڵێت"، بەڵکو 25 ئاژانسی جیاوازیان لەژێر سیستمی رێکخەری نیشتەجێدا بەردەوام دەبن.
 
رێکخەری کاروباری مرۆیی گوتی، "ئامادەیی ئێمە لە عێراق لە ئاراستەیەکی سیاسی و نێردەوە دەگۆڕێت بۆ تەرکیزێکی زیاتر لەسەر پرسەکانی گەشەپێدان و پشتگیریکردنی پێداویستییەکانی وڵاتەکە."
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراق و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان "چوارچێوەی هاوکاری"ـیان بۆ پێنج ساڵی داهاتوو واژۆ کردووە کە لەسەر چوار کۆڵەکەی سەرەکی دەوەستێت:
 
- چاکسازیی ئابووری.
 
- پاراستنی کۆمەڵایەتی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری.
 
- ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا.
 
- حکومڕانی، مافەکانی مرۆڤ و سەروەریی یاسا.
 
- رادەستکردنەوەی بنکەکان
 
رۆژی 3ی کانوونی دووەمی 2026، بە فەرمی کۆنووسی رادەستکردنەوەی بنکەکانی یونامی لەنێوان محەممەد حوسێن بەحرلعلوم، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق و کلاودیۆ کۆردۆنی، جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆ کرا.
 
یونامى لە ساڵى 2003 لەسەر داواى حکومەتى عێراق دامەزرا، بەڵام لە 8ی نیسانی 2024 محەممەد شیاع سوودانی بە فەرمی داوای کۆتاییهاتنی ئەرکەکەیانی کرد، ئەوەش دوای ئەوەی رایگەیاند عێراق قۆناخی ناسەقامگیریی سیاسیی تێپەڕاندووە.
 
ئیساکزای ستایشی سیاسەتی دەرەوەی عێراقی کرد لە دوو ساڵی رابردوودا و گوتی: "عێراق کارێکی باشی کردووە کە خۆی تێوەنەگلاندووە لە گرژییەکانی ناوچەکە و پارێزگاری لە هاوسەنگیی پەیوەندییەکانی کردووە."