دادگەی باڵای فیدراڵی لەسەر 'پێناسی نوێی گومرگ' کۆدەبێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە تاوتوێی دوو سکاڵا دەکات کە لە دژی پێناسی نوێی گومرگی تۆمار کراون. سکاڵاکاران دەڵێن، بڕیارەکە "نادەستوورییە" و لە سەردەمی "حکومەتی کاربەڕێکەر"دا دراوە، پسپۆڕێکی ئابوورییش دەڵێت، "بەهۆی ئەم بڕیارەوە 52 هەزار کۆنتێنەر لە بەندەرەکان راگیراون."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 08-02-2026 دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ تاوتوێکردنی دوو سکاڵا کۆدەبێتەوە، کە لەلایەن پەرلەمانتاران محەممەد خەفاجی و مستەفا سەنەد، لە دژی سەرۆکوەزیرانی عێراق تۆمار کراون. سکاڵاکاران داوا دەکەن دادگە پێناسی نوێی گومرگی بە "نادەستووری" بناسێنێت و فەرمانی راگرتنی جێبەجێکردنی بۆ دەربکات.
 
ئەحمەد مازن مەکیە، پارێزەری سکاڵاکارەکان بە (رووداو)ی رایگەیاند، "ئەو بڕیارە سەرپێچیی دەستووری و یاسایی تێدایە، ئەوەش جگە لەوەی لە سەردەمی دەسەڵاتی حکومەتی کاربەڕێکەردا دەست بە جێبەجێکردنی کراوە." گوتیشی، هەموو ئەو بەڵگانەی کە پێویست بوون پێشکەشی دادگەیان کردووە.
 
بەگوێرەی شرۆڤەی پێشووی دادگەی باڵای فیدراڵی، لە 11ی تشرینی دووەمی 2025ـەوە حکومەتی ئێستای عێراق بە "کاربەڕێکەر" دادەنرێت و مافی دەرکردنی ئەو بڕیارانەی نییە کە رەهەند و کاریگەری داراییان هەیە.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە بڕیاری ژمارە 957 لە ساڵی 2025، پێناسی نوێی گومرگیی دیاریکرد کە لە نێوان 5% بۆ 30%ـە و لە سەرەتای ئەمساڵەوە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
دەستەی گشتیی گومرگی عێراق داکۆکی لە بڕیارەکە دەکات و دەڵێت، لە مانگی کانوونی دووەمی 2026 داهاتیان گەیشتووەتە "بەرزترین ئاست" و 137 ملیار دیناری تێپەڕاندووە.
 
دەستەکە دەڵێت ئەم زیادبوونە بەهۆی پێناسە نوێیەکە و "پاراستنی داهاتی نانەوتییەوەیە."
 
پێچەوانەی ئامارەکانی حکومەت، نەبیل مەرسوومی، پسپۆڕی ئابووریی عێراقی بە رووداوی راگەیاند، رێکارە نوێیەکان داهاتی گومرگیان 52% کەمکردووەتەوە.
 
مەرسوومی گوتی، "بازرگانان سڵ لە هاوردەکردن دەکەنەوە؛ ئێستا 52 هەزار کۆنتێنەر لە بەندەرەکانی بەسرە ماونەتەوە، چونکە بەهۆی زۆریی گومرگ و سزای پێبژاردنی دواکەوتنیان، لە بەهای خودی کاڵاکان زیاترە." 
 
بە گوتەی ئەو پسپۆڕە ئابوورییە، پێشتر دەستەی گشتیی گومرگی عێراق رایگەیاندبوو، داهاتی مانگانەیان بۆ ساڵی 2025 گەیشتووەتە 208 ملیار دینار، بەڵام ئێستا 71 ملیار دینار کەمی کردووە.
 
بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەڵەکەبوونی کاڵاکان، لە 1ی شوباتی 2026ـەوە حکومەتی عێراق بڕیاری دا گومرگی تۆمارکراو لەنێو سیستمی (ئەسیکۆدا) بە رێژەی 25% کەم بکاتەوە، تاوەکو بازرگانان هان بدات بارەکانیان لە بەندەرەکان دەربهێنن.