عێراق کەوتووەتە نێوان دووبەرداش؛ بازرگان و دووکاندار پێکەوە هەڵوێست وەردەگرن

رووداو دیجیتاڵ

وەستانی دەیان هەزار کۆنتێنەر لە بەسرە و خۆپێشاندانى بازرگان و مانگرتنى خاوەن دووکانەکان لە بەغدا، سەرئێشەیەکى نوێى بۆ حکومەتى فیدراڵیى عێراق دروست کردووە، ئەوەش بەهۆى جێبەجێکردنى پێناسى نوێى گومرگ کە رێژەى هەندێکى گەیشتووەتە 30%.
 
ئەو دۆخە حکومەتى خستووەتە نێوان بەرداشی ناڕەزایی لە زیادبوونى نرخى کاڵا و هەنگاوەکانى بۆ چارەسەرى کێشەى کەمى داهاتى نانەوتى کە لە یەکەم مانگى جێبەجێکردنى رێکارە نوێیەکە لەبرى زیادبوون، زیاتر لە 70 ملیار دینار کەمى کرد، ئەوەش بەهۆى ساردبوونەوەى بازرگانان لە هاوردەکردنى کاڵا بە گوێرەی گومرگى نوێ. 
   
بازرگان و خاوەن دووکانەکان لە بەغدا یەک شەممە 8ى شوبات پێکەوە هەڵوێستیان بەرامبەر پێناسی نوێی گومرگ وەرگرت، کە لە یەکی کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە.
 
خۆپێشاندانی بازرگانان و داخستنی هەندێک لە دووکانەکان دژی زیادبوونی رێژەی گومرگی هەندێک لە کاڵاکان، ئەوەش بەگوێرەی پێناسی نوێی گومرگی کە لە نێوان 5% بۆ 30% دەبێ.
 
یەکێک لە بازرگانانی خۆپێشاندەر لە بەغدا بە هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداوی گوت: "ئەو بڕیارە نوێیە راستەوخۆ کاریگەریی یەکەمی لەسەر هاووڵاتی دەبێت؛ کاریگەری لەسەر پەرلەمانتار و وەزیر و بازرگان نابێ".
 
رێکارێکی دەستەی گشتیی گومرگی عێراق لە یەکى شوباتەوە بۆ کەمکردنەوەی گومرگی سەر سەرجەم کاڵاکان بە رێژەی 25% لە بەهاکەیان نەیتوانی ناڕەزایەتی بازرگانان دابمرکێنێتەوە، کە بەهۆیەوە کاڵاکانیان لە بەندەرى ئوم قەسر لە باشووری عێراق دەربازناکەن تاوەکو رێژەی نوێی گومرگی کاڵاکانیان و سزای پێبژاردنی دواکەوتنی نەدەن.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، زیاتر لە 50 هەزار کۆنتێنەر لە ئوم قەسر وەستاون، کە بەهۆی پێناسی نوێی گومرگ خاوەنەکانیان جێیان هێشتوون.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوی راگەیاند: "ترسی هاووڵاتی لە بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا چەند هۆکارێکی هەیە. یەکێکیان ئەوەیە بارە هاوردەکراوەکان لە دەروازەکان کەڵەکە بوون. ئەو کاڵایانەی بەگوێرەی پێناسی نوێی گومرگ هاوردە دەکرێن گرانتر دەبن لە پێشوو، بەرهەمی نێوخۆش گرانترە لەوەی هاوردە دەکرێ".
 
پاساوی حکومەتی عێراق بۆ پێناسی نوێی گومرگ، زیادکردنی داهاتی نانەوتییە تاوەکو فریای قەیرانی کێشەی کەمیی پارەی نەختینە بکەوێ، ئەوە جگە لە پاڵپشتى بەرهەمى نێوخۆیی هەندێک لە کاڵاکان.
 
ئاماری دەستەی گشتیی گومرگی عێراق دەریخستووە، لە مانگی یەکەمی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە نوێیەدا داهاتیان لە خاڵە سنوورییەکان 137 ملیار دینار بووە، لەکاتێکدا بەر لە جێبەجێکردنی پێناسی نوێی گومرگ مانگانە زیاتر لە 200 ملیار دینار بوو.
 
بەگوتەی جەمال کۆچەر، حکومەتی عێراق کەوتووەتە نێوان دوو بەرداشەوە و چوار رێگەی لەبەردەمە بۆ چارەسەری کەمیی داهاتی ناوخۆیی کە بریتین لە زیادکردنی باجی ناوخۆیی، زیادکردنی گومرگ، کەمکردنەوەی ئیمتیازات و دەرماڵە، دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار.
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ، مانگانە عێراق پێویستی بە 9.2 تریلیۆن دینارە بۆ خەرجی گشتی بە بودجەی بەکارخستن و وەبەرهێنان. لەو بڕە 7.3 تریلیۆن دیناری بۆ مووچەیە.
 
لە 11 مانگی پاردا داهاتی عێراق 114 تریلیۆن دینار بوو، بەڵام خەرجییەکەی 126 تریلیۆن دینار بووە کە 12.8 تریلیۆن دینار کورتهێنانی هەبووە.
 
بازرگانانی ناڕازی لە عێراق داوا دەکەن چاو بە پێناسی نوێی گومرگیدا بخشێندرێتەوە یان بخرێتەوە سەر ئەو بڕەی کە پێشتر بەر لە 2026 کاری پێدەکرا.
 
قاسم تائی، راوێژکاری ژووری بازرگانی بەغدا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا گوتى: "رووبەڕووی ئاڵنگارییەکی راستەقینە دەبینەوە، بەهۆی زیادکردنی پێناسی گومرگی و ئەو بڕیارە خێرایانەی کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر بازاڕ هەبووە، ئەنجامەکەشی روونە کە کەڵەکەبوونی کاڵا لە دەروازەکان و دواکەوتنی هاتنە ژوورەوەیان بوو کە نرخى لەسەر بازرگان و هاووڵاتییان بەرز کردەوە. ئێمە دژی رێکخستن و پشتیوانیی بەرهەمی نێوخۆیی نین، بەڵام داوای جێبەجێکردنێکی واقیعی دەکەین".
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە بڕیاری ژمارە 957 لە ساڵی 2025 پێناسی نوێی گومرگیی دانا، بەڵام جێبەجێکردنی خرایە سەرەتای ئەم ساڵ.
 
دادگە یەکلایی دەکاتەوە
 
خۆپێشاندانەکە لە بەغدا هاوکات بوو لەگەڵ دانیشتنی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی دوو سکاڵا کە بە جیا دژی پێناسی نوێی گومرگی پێشکێش کراون.
 
سکاڵاکان لەلایەن هەریەک لە پەرلەمانتارانى عێراق محەممەد خەفاجی و مستەفا سەنەد دژی سەرۆکوەزیرانی عێراق تۆمارکراون و داوا دەکەن دادگە ئەو پێناسە گومرگییانە بە نادەستووری بناسێنێت کە بەهۆیانەوە بڕی گومرگی کاڵای هاوردەکراو زیادی کردووە.
 
ئەحمەد مازن مەکییە، پارێزەری دۆسیەکە بە تۆڕى میدیایی رووداوی گوت: "ئامادەی دانیشتنی دادگە بووین و داواکاریی خۆمان پێشکێش کرد و ئەوەمان بۆ دادگە سەلماند کە بۆچی سکاڵاکاران بەرژەوەندییان لە پێشکێشکردنی سکاڵاکەدا هەیە. رۆژی 11ی شوبات دیاریکرا بۆ بڕیاردان".
 
سکاڵاکە لەسەر ئەو بنەمایەیە کە جێبەجێکردنى پێناسىی نوێى گومرگ کەوتووەتە ئەو ماوەیەى حکومەتى تێیدا بووەتە کار بەرێکار.
  
بەگوێرەی شرۆڤەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، لە 11ی تشرینی دووەمی 2025ـەوە حکومەتی ئێستای عێراق بووەتە کاربەڕێکار و ناتوانێ ئەو بڕیارانە دەربکات کە رەهەند و کاریگەریی داراییان دەبێت.