پەرلەمانتارێکی عێراق: کورد سەرۆکایەتیی سێ بۆ چوار لیژنەی پەرلەمانی بەردەکەوێت
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند، ناوی پەرلەمانتاران بۆ دابەشکردنیان بەسەر لیژنەکاندا دراوەتە دەستەی سەرۆکایەتی و بڕیارە سبەی دەنگیان لەسەر بدرێت. بەگوێرەی زانیارییەکان، کورد سەرۆکایەتیی 3 بۆ 4 لیژنەی پەرلەمانی عێراق وەردەگرێت.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە 08-02-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سەرجەم فراکسیۆنەکان ناوی ئەندامەکانیان بۆ لیژنە هەمیشەییەکان رادەستی عەدنان فەیحان، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان کردووە و بڕیارە لە دانیشتنی سبەینێدا دەنگیان لەسەر بدرێت."
بەگوتەی دووبەردانی، میکانیزمەکە بەو شێوەیە دەبێت کە دوای دەنگدانەکە، بەتەمەنترین ئەندامی هەر لیژنەیەک بە شێوەیەکی کاتی سەرۆکایەتیی لیژنەکە دەکات، تاوەکو هەموو لایەنەکان لەسەر دابەشکردنی پۆستی سەرۆک و جێگرانی لیژنەکان رێکدەکەون.
لە پەرلەمانی عێراق 25 لیژنەی هەمیشەیی هەن. شێروان دووبەردانی گوتی، "نیوەی لیژنەکان بۆ لایەنە شیعەکان دەبن و ئەوانی دیکەش لەنێوان کورد، سوننە و پێکهاتەکاندا دابەش دەکرێن." سەبارەت بە پشکی کوردیش گوتی، "کورد سەرۆکایەتیی 3 بۆ 4 لیژنە وەردەگرێت و جۆری لیژنەکانیش بەندە بە دەرەنجامی گفتوگۆ و دانوستانەکان."
بەپێی کارنامەی دانیشتنەکە کە فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردووەتەوە، بڕیارە کاژێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی سبەی دووشەممە 9-02-2026 پەرلەمان کۆببێتەوە. کارنامەکە لە دوو بڕگە پێکهاتووە: یەکەم، سوێندخواردنی دەستووریی ژمارەیەک پەرلەمانتاری نوێ؛ دووەم، دەنگدان لەسەر دیاریکردنی ئەندامانی لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمان.