ئەفسەرێکى عێراقى بەهۆی ئەشکەنجەدانى بەندکراوێک سزادرا


رووداو دیجیتاڵ 

ئەفسەرێکى عێراقى بە بەندکردن سزا درا، ئەمەش دوای ئەوەی دەرکەوت کە بەندکراوێک لە کاتی لێکۆڵینەوە لەژێر ئەشکەنجەدانی ئەودا گیانی لەدەستداوە.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى عێراق، ئەو ئەفسەرە پلەى رائید بووە و لەلایەن دادگەى رەسافە لە بەغدا بە شەش ساڵ بەندکردن سزادراوە. 
 
ئەو ئەفسەرە بەوە تۆمەتبارکرابوو کە لەکاتى لێکۆڵینەوەدا لە بەندکراوێکى داوە و ئەشکەنجەى داوە، بەو هۆیەوە بەندکراوەکە گیانى لەدەستداوە. 
 
ئەو سزایەى ئەفسەرەکە بەگوێرەى مادەکانى 410 و 47،48،49 ى یاساى سزادانى عێراقى بووە، کە تایبەتن بە بەشدارى لە کوشتن، لێدان و بریندارکردن و تووندوتیژی.
 
لە مانگى تشرینى دووەمى 2024، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق بڕیاریدا بە کردنەوەى دۆسیەى ئەشکەنجەدان لە گرتووخانەکانى عێراق. دوای کردنەوەی دۆسیەکە لە رێگەى لیژنەیەکى تایبەتەوە زیاتر لە پێنج هەزار سکاڵاى پێگەیشت.