گرووپی موقاوەمە هەڕەشەی هێرشکردن لە پارتە کوردستانییەکان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەو گرووپەی خۆیان بە "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنن، هەڕەشە لە پارتە کوردستانییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن، بەوەی هێرش دەکەنە سەر سەربازگە و بەرژەوەندییەکانیان.
رۆژی یەکشەممە، 8ی ئاداری 2026، ئەو گرووپە لە راگەیێنراوێکدا ئەو هەڕەشەیەی لە پارتە کوردستانییەکان بڵاوکردەوە.
ئەو گرووپە پارتە کوردستانییەکانی بەوە تۆمەتبار کردووە، پاڵشتى ئەو "گرووپە کوردیانە" دەکەن، گوایە دەیانەوێت دزە بکەنە ناو خاکی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هۆشداریی ئەوەی داوەتە ئەو پارتانە رووبەڕووی "بەئامانجگرتنی تووند" دەبنەوە.
گرووپی موقاوەمە رایگەیاندووە، هێرش دەکەنەسەر بەرژەوەندی، کۆمپانیا و سەربازگەکانیان لە عێراق و ناوچەکە.
موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە ژمارەیەک گرووپی چەکداری شیعەی وابەستەی ئێران پێکهاتوون.
پێشتر ئەو گرووپە بەرپرسیارێتیی خۆیان لە ژمارەیەک لەو هێرشانە راگەیاند، کە بە درۆن و مووشەک کرابوونە سەر هەرێمی کوردستان.