باڵیۆزخانەی ئەمریکا: ئێران و گرووپە هاوپەیمانەکانی مەترسین لەسەر سەلامەتیی گشتی
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەڵێت، کۆماری ئیسلامیی ئێران و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی "هێشتا مەترسیی گەورەن" لەسەر سەلامەتیی گشتی. ئاماژە بەوەش دەکات، هێرش کراوەتە سەر هۆتێل و دامەزراوەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان.
رۆژی یەکشەممە، 8ی ئاداری 2026، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا هۆشدارییەکی بۆ هاووڵاتیانی وڵاتەکەی لە عێراق بڵاوکردەوە.
لە هۆشدارییەکەدا هاتووە: "ئێستا ئێران و میلیشیا و گرووپە تیرۆریستییە هاوپەیمانەکانی هەڕەشەیەکی گەورەن بۆ سەر سەلامەتیی گشتی، داوای ئەنجامدانی هێرش بۆسەر هاووڵاتیان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق کراوە. ئەو هۆتێلانەی بیانییەکانی لێیە لەگەڵ دامەزراوەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان هێرشیان کراوەتە سەر؛ هەروەها چەندین ژێرخانى و پێگەی گرنگ لە سەرانسەری عێراق هێرشیان کراوەتە سەر."
ئەمە هەشتەم هۆشدارییە کە باڵیۆزخانەکە لەدوای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ی شوباتەوە لەبارەی سەلامەتیی هاووڵاتیانی بڵاوی دەکاتەوە.
باڵیۆزخانەکە هۆشداری ئەوەی داوە کە گردبوونەوە لەو شوێنانەی هاووڵاتییانی ئەمریکی لێیە، ئەگەری هەیە رووبەڕووی مەترسی ببنەوە.