پەرلەمانتارێکی پارتی: لەگەڵ مالیکی باسمان لە هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان کرد


رووداو دیجیتاڵ 

نووری مالیكی و شاندی فراكسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە. پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێت، مالیکی بەڵێنی دا هەموو هەوڵێک بدات بۆ راگرتنی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان.

ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لە نووسینگەی خۆی لە بەغدا پێشوازی لە شاندێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتیی فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان کرد.
 
لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە دیدارەکەدا فەرهاد ئەترووشی دوایین هەڵوێستەکانی سەرۆک بارزانی لەبارەی پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکەی خستووەتەڕوو. نووری مالیکی ستایشی هەڵوێستە نیشتمانییەکانی ئەم دواییەی سەرۆک بارزانی کردووە و ئاماژەی بەوە کردووە"دەزانێت لەم ماوەیەدا سەرۆک بارزانی چەندە لەژێر گوشاردا بووە، بەڵام هەڵوێستێکی شەرەفمەندانەی هەبووە."
 
بەگوتەی دووبەردانی، تەوەرێکی دیکەی سەرەکی کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بەو هێرشە مووشەکییانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان. لەو چوارچێوەیەدا داوا لە مالیکی کراوە رۆڵی هەبێت لە راگرتنی ئەو هێرشانە. 
 
بە گوتەی دووبەردانی، نووری مالیکی جەختی لەوە کردووەتەوە "بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت ژێرخان و خەڵکی هەرێمی کوردستان بکرێتە ئامانج" و بەڵێنی داوە تەواوی هەوڵەکانی خۆی بۆ راگرتنی ئەو هێرشانە بخاتە گەڕ. 
 
هەروەها جەخت لەسەر هاوئاهەنگیی نێوان هەردوو فراکسیۆنی پارتی و دەوڵەتی یاسا بۆ کاری داهاتوو کرایەوە. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی مالیکی، هەردوولا جەختیان لە گرنگی یەكخستنی هەڵوێستە نیشتمانییەكان و بەهێزكردنی هاوئاهەنگی نێوان هێزە سیاسییەكان كردەوە، بەو شێوەیەی كە یارمەتیدەر بێت بۆ پاڵپشتیكردنی رەوتی سەقامگیری سیاسی و چەسپاندنی ئاسایش لە وڵاتدا.
 
هەر لە دیدارەکەدا، "هەردوولا پێویستی بەهێزكردنی هاوكاری و لێكتێگەیشتنی نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستانیان دووپات كردەوە، لەگەڵ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا، بە جۆرێك كە ببێتە هۆی بەهێزكردنی هاوبەشیی نیشتمانی و خزمەتکردن بە بەرژەوەندی سەرجەم پێكهاتەكانی گەلی عێراق".
 
هەروەها هەردوولا ئاماژەیان بە گرنگی پاراستن و بەهێزكردنی ناوماڵی عێراق كرد لە سایەی ئاستەنگە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكاندا، لەگەڵ پاڵپشتیكردنی ئەو هەوڵانەی كە ئامانجیان چەسپاندنی سەقامگیری سیاسی و ئەمنییە لە سەرانسەری وڵاتدا.