سعودیە رۆژانە 500 ڤیزەی عومرە دەداتە عێراق؛ بەشێکی بۆ هەرێمی کوردستانە


رووداو دیجیتاڵ

دوای راگرتنی پێدانی ڤیزا بەهۆی لێکەوتەکانی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، عەرەبستانی سعودیە رەزامەندی دا رۆژانە 500 ڤیزەی عومرە بداتە هاووڵاتییانی عێراق و هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان. 
 
رێبوار ئازاد، بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، دووشەممە 9ـی ئاداری 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لە 10ـی مانگی رەمەزانەوە سعودیە پێدانی ڤیزای راگرتبوو، بەڵام ئەو کەسانەی پێشتر ڤیزایان وەرگرتبوو، تاوەکو ئەمڕۆش دەیانتوانی بە رێگەی وشکانی گەشتی عومرە بکەن."
 
سەبارەت بە بڕیارە نوێیەکە، رێبوار ئازاد ئاماژەی بەوە کرد، دەستەی حەج و عومرەی عێراق بە نووسراوی فەرمی ئاگاداری کردوونەتەوە رۆژانە 500 ڤیزای عومرەیان وەرگرتووە و گوتیشی: "چاوەڕێ دەکەین لەو 500 ڤیزایە بەشێکی بۆ هەرێمی کوردستان بێت، بەڵام بڕیارەکە تازەیە و هێشتا لەگەڵ بەغدا بە وردی قسەمان نەکردووە." ئەوە لەکاتێکدایە پێشتر پێدانی ڤیزای عومرە بێ سنوور بوو.
 
ئەم رەزامەندییە دوای ئەوە هات سامی مەسعودی، سەرۆکی دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق، زنجیرەیەک پەیوەندیی لەگەڵ وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە کرد بۆ ئاسانکاریی گەشتی عومرەکاران بۆ وەرزی 1447ی کۆچی.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی دەستەی حەج و عومرەی عێراق: "ئەو پەیوەندییانە بوونە هۆی ئەوەی لایەنی سعودی رەزامەندی بدات لەسەر بەردەوامبوونی عومرەی وشکانی لە رێگەی دەروازەی سنووریی عەرعەرەوە، بە جۆرێک رۆژانە 500 ڤیزە بە عێراقییەکان بدرێت؛ ئەمەش لە کاتێکدایە ئێستا بەهۆی بارودۆخی ناوچەکەوە، پێدانی ڤیزە بۆ زۆربەی وڵاتانی جیهان بە شێوەیەکی کاتی راگیراوە."
 
دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە رێگەی کۆمپانیا باوەڕپێکراوەکانەوە ناویان تۆمار بکەن و کۆمپانیاکانیشی راسپاردووە بۆ تەواوکردنی رێکارە کارگێڕی و یاساییەکان و وەرگرتنی بەراییەکان سەردانی بارەگای دەستەکە بکەن.