بەشداریکردنى مستەفا سەنەد لە کۆبوونەوەکانى پەرلەمان راگیرا

رووداو دیجیتاڵ
 
هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بڕیاری دا رێگە نەدات مستەفا سەنەد، ئەندامی پەرلەمان بەشداریی کۆبوونەوەکان بکات، تاوەکو پۆزش بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکەی محەممەد شیاع سوودانی نەهێنێتەوە.
 
بڕیارەکەی سەرۆکی پەرلەمان لە دانیشتنی 7ی ئاداری 2026 دراوە. شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "بڕیارەکەی سەرۆکی پەرلەمان بەهۆی ئەوە بووە کە مستەفا سەنەد لە دانیشتنی پەرلەماندا دەمەقاڵێی لەگەڵ بەها ئەعرەجی، سەرۆکی فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کردووە."
 
لە بڕیارەکەدا هاتووە، رێگە بە مستەفا سەنەد، ئەندامی پەرلەمان لە فراکسیۆنی ئەبشری یا عێراق نادرێت بەشداریی دانیشتنی پەرلەمان بکات و بچێتە ناو هۆڵی پەرلەمان، تاوەکو ئەو کاتەی پۆزشێکی فەرمی پێشکێش بە سەرۆکایەتیی پەرلەمان و بەها ئەعرەجی نەکات.
 
سەرۆکی پەرلەمان بڕیاری دا مستەفا سەنەد رەوانەی لیژنەی رەفتارى پەرلەمانی بکرێت، بەهۆی ئەو "پێشێلکارییە گەورە"یەی بەرامبەر بە بنەماکانی رەفتاری پەرلەمانی کردوویەتی.
 
دانیشتنەکەی پەرلەمان لەسەر دۆخی عێراق بوو بەهۆی ئەو جەنگەی لە 28ی شوباتەوە ناوچەکەی گرتووەتەوە، لە دانیشتنەکەدا بەشێک لە پەرلەمانتارانی شیعە پشتگیریی خۆیان بۆ ئێران دەربڕی و دروشمیان لە دژی ئەمریکا گوتەوە.