لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر نەینەوا چەکدارێکی حەشدی شەعبی کوژرا و سێی دیکە بریندار بوون

 
رووداو دیجیتاڵ

ئێوارەی شەممە 7ی ئاداری 2026 لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر لیوای 33ی حەشدی شەعبی لە نەینەوا، چەکدارێکی حەشدی شەعبی کوژرا و سێی دیکەش بریندار بوون.
 
ساهیر سوڵتان، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی سەربازیی زەینل عابدین لە پارێزگای نەینەوا رایگەیاند، "فەوجی 1ی لیوای 33 کرایە ئامانجی هێرشێکی ئاسمانی و لە ئەنجامدا" چەکدارێک کوژرا و 3ی دیکە بریندار بوون.
 
ساهیر سوڵتان ئاماژەی بەوە کرد، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانی دەستەی حەشدی شەعبی، دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە و گواستنەوەی بریندارەکان کردووە. 
 
هەر دوێنێ هێرشێکی دیکە لە سنووری پارێزگای نەینەوا بۆ سەر کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا کرا، کە ئەبوئالا وەلائی ئەمینداری گشتییەتی.
 
سەرچاوەیەکی باڵا لە نەینەوا بە رووداوی گوت، "هێرشەکە بارەگای فەوجی 33ی یەکێک لە لیواکانی ئەو گرووپەی گرتووەتەوە کە نزیک لە بازگەی عەقرەب بووە."
 
ئەوە دووەم رۆژ بوو لەدوای یەک هێرش بکرێتە سەر بارەگاکانی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا لە نەینەوا.
 
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، هێرشەکان بە چەند فڕۆکەیەکی "نەناسراو" کراون.
 
هاوکات هەر دوێنێ، ناوچەی گەهاوی لە ئەنبار، کە لیوای 45ی حەشدی ئەنباری لێیە، سێ جار بۆردوومان کرا.
 
ناوچەی گەهاوی دەکەوێتە سنووری نێوان بابل و ئەنبار و نزیکە لە ناوچەی جورفولسەخر.