سوننەکان واژۆ بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری دیالە کۆدەکەنەوە

رووداو دیجیتاڵ 

کێشەی هەڵبژاردنی پارێزگاری دیالە تادێت قووڵتر دەبێتەوە، لە نوێترین پێشهاتیشدا سوننەکان داوای پۆستی پارێزگاری دیالە دەکەن و واژۆی بۆ کۆدەکەنەوە. لە شیعەکانیش هەریەک هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و رێکخراوی بەدر ئەو پۆستە بە مافی خۆیان دەزانن.
 
دەوڵەتی یاسا بە یەک کورسییەوە بەربژێری هەیە
 
رۆژی دووشەممە، 8ی نیسانی 2024، تورکی جەدعان، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاری دیالە لە دەوڵەتی یاسا و سەرۆکی بەتەمەنی ئەنجوومەنەکەشە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تائێستا رێگەی هەڵبژاردنی پارێزگاری دیالە ئاڵۆزە، ئەو پۆستە بەشی دەوڵەتی یاسایە، موئەید عوبێدی بەربژێرە بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری دیالە.
 
تورکی جەدعان دەڵێت، دانوستاندن لەگەڵ لایەنەکان دەستیپێکردووە، بەڵام دۆخە تۆزێک سەختە بەهۆی بوونی ناکۆکی شیعە-شیعە و سوننە- سوننە. لێکتێگەیشتن لەنێوان نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی و هادی عامری، سەرۆکی رێکخراوی بەدر هەیە، ئەگەری هەیە دوای جەژن یەکلابێتەوە.
 
کێشەکە هەر پۆستی پارێزگار نییە، بەڵکو کێشە لەسەر پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاش هەیە کە پشکی سوننەکانە و ئەوانیش لەنێوخۆیا دا ناکۆکن.
 
رۆژی دووشەممە، 8ی نیسانی 2024، دەریا خەیروڵڵا رەشید ئەرکوازی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لە هاوپەیمانی ئەساسی عێراقی بە سەرۆکایەتی موحسین مەندەلاوی یەکێکە لەلایەنە شیعەکان و ئێستا لە ئەنجوومەنەکە لە دەوڵەتی یاسا نزیکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پۆستی پارێزگاری دیالە پشکی دەوڵەتی یاسایە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی بڕیاریداوە بۆ دەوڵەتی یاسا بێت، بۆیە دەوڵەتی یاسا موئەیەد عوبێدی بەربژێرکردووە بۆ ئەو پۆستە. 
 
بە گوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەن، پۆستی پارێزگاری دیالە پشکی رێکخراوی بەدر نەماوە و دراوەتە دەوڵەتی یاسا.
 
بەدر پارێزگار بە مافی خۆی دەزانێت
 
رێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتی هادی عامری کە سێ ئەندامی هەیە، پۆستی پارێزگاری دیالە بە مافی خۆی دەزانێت و لە رابروودا ئەو پۆستە لای ئەو بووە. تائێستا موسەننا تەمیمی پێداگیری ئەوەدەکات جارێکی دیکە بکرێتەوە پارێزگار، کە سەر بە رێکخراوی بەدرە.
 
دوای جەژن پێشهاتی نوێ روودەدات 
 
رۆژی دووشەممە، 8ی نیسانی 2024 ئەوس مەهداوی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تائێستا لایەنەکانی دیالە لەبارەی پۆستی پارێزگاری دیالە رێکنەکەوتن، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، کە یەک ئەندامی لە ئەنجوومەنەکە هەیە، داوای پۆستی پارێزگار دەکات، ئەوە لەکاتێکدایە جگە لەوەی بەشێک لەلایەنە شیعەکان رەتیدەکەنەوە وەک رێکخراوی بەدر، سوننەکانیش رەتدەکەنەوە بدرێتە دەوڵەتی یاسا. 
 
ئەوس مەهداوی، کە نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە لە ئەنجوومەنەکە دەڵێت، یەکێتی و رێکخراوی بەدر و پارتی تەقەدووم لە نێو ئەنجوومەنەکە لێکنزیکن، چاوەڕێی دەکەن دوای جەژن پێشوەچوونی نوێ لەبارەی پۆستی پارێزگاری دیالە رووبدات.
 
نوێنەرەکەی یەکێتی دەڵێت، ئێستا نەک شیعەکان، بەڵکو سوننەکانیش داوای پۆستی پارێزگاری دیالە دەکەن، ئەگەری هەیە لە چەند رۆژی داهاتوو دا تەقەدووم و سیادە بەربژێری خۆیان بۆ ئەو پۆستە رابگەیێنن.
  
ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە لە 15 ئەندام پێکهاتووە، شیعە حەوت و سوننە حەوت کورسی و یەکێتی کورسییەکی هەیە. تائێستا کێشەکە تەنیا لەنێو ماڵی شیعەکان بوو، بەڵام لە تازەترین پێشهاتدا سوننەکان واژۆ بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری دیالە کۆدەکەنەوە و داوای ئەو پۆستە دەکەن. 
 
سوننەکان داوای پۆستی پارێزگاری دیالە دەکەن و واژۆ کۆدەکەنەوە
 
رۆژی دووشەممە، 8ی نیسانی 2024، فارس موزاحیم جبووری، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاری دیالە لە هاوپەیمانی سەروەریی "سوننەکان" بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای ئەوەی لایەنەکانی دیکە نەیانتوانی بگەنە رێککەوتن لەسەر پۆستی پارێزگاری دیاکە، هەرسێ لایەنی سوننە؛ تەقەدووم، عەزم و سەروەرەی کە حەوت ئەندامیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە هەیە سەرقاڵی کۆکردنەوەی واژۆن بۆ ئەوەی پۆستی پارێزگاری دیالە بۆ عەرەبی سوننە بێت و بەربژێری خۆیان پێشکێش دەکەن، بەڵام تائێستا بە فەرمی ئەو بەربژێرە دیاری نەکراوە.
 
ترکی جدعان، ئەندامی ئەنجوومەن لە دەوڵەتی یاسا پێیوایە: "وەرگرتنی ئەو پۆستە لەلایەن سوننەکان ئەستەمە، ئەو کارە زیاتر بۆ ئاگادارکردنەوە و گوشارە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی دیالە پەلەی تێدا بکرێت". 
 
دیالە و کەرکووک یەکلانەبوونەتەوە
 
رۆژی 18ى کانوونى یەکەمى 2023، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق کرا، لە 28ى كانوونى 2024 ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنەکە لەلایەن دەستەى دادوەرى هەڵبژاردن پەسند کرا، بەڵام بەهۆى رێکنەکەوتنى لایەنەکانەوە نەتواندراوە پۆستى پارێزگارى دیالە و کەرکووک یەکلایی بکرێتەوە.