سوودانی و رۆمانۆوسکی کۆبوونەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەگەڵ باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەغدا، ئامادەکاریی سەردانەکەی بۆ واشنتن تاوتوێ دەکات.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی دووشەممە 8ی نیسانی 2024 لەگەڵ ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە و کۆی پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا و بەهێزکردنی هاوکارییەکان لە بوارە جیاوازەکانی ئابووری و پەرەپێدانیان تاوتوێ کرد.
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە دیدارەکەدا ئامادەکارییەکانی تایبەت بە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق باسکرا، کە بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەم مانگە بۆ ئەمریکا بیکات، ئەوەش بۆ پەرەسەندنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانە لە چوارچێوەی رێککەوتنی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات دا.
عێراق و ئەمریکا لە ساڵی 2008دا، دوو رێککەوتنیان واژۆکرد. یەکەمیان ناسراوە بە "رێککەوتنی سۆفا" و دووەمیان "رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی" بوو. رێککەوتنی یەکەمیان لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە کانوونی یەکەمی 2011 کۆتاییهات. دووەمیان رێککەوتنێکی فراوانە و تەنیا لایەنی ئەمنی ناگرێتەوە، بەڵکو بابەتی سیاسی، دیپلۆماسی، رۆشنبیری، خوێندن، ژینگە و زۆر بابەتی دیکەی لەخۆگرتووە و هیچ کاتێکیشی بۆ دیاری نەکراوە.
22ی ئاداری 2024، کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی 15-4-2024 جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات.
وەک لە راگەیێندراوەکەی کۆشکی سپیدا هاتووە، مەبەست لە کۆبوونەوەکە دروستکردنی هاوئاهەنگییە لەبارەی ئامانجە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات و بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییە دوو قۆڵییەی لەنێوان عێراق و ئەمریکادا هەیە.
کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە کرد، سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی عێراق، "پابەندبوونی خۆیان بە رێککەوتننامەی ستراتیژی دووپات دەکەنەوە؛ هەروەها پابەندبوونی خۆیان بە قووڵکردنەوەی دیدگەی هاوبەشیان بۆ عێراقێکی سەقامگیر، خاوەن سەروەری و خۆشگوزەران، بە جۆرێک کە بە تەواوی ئاوێتەی ناوچەکە بێت، دووپات دەکەنەوە."
بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی کۆشکی سپی ئەو مژارانە باس دەکات کە لە کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی عێراقدا تاوتوێ دەکرێن و دەڵێت، "سەرۆک بایدن و سەرۆکوەزیران سوودانی لەبارەی هەندێک مژار راوێژ دەکەن، لەوانەش پابەندبوونی هاوبەشمان بە تێکشکاندنی یەکجارەکیی داعش و گۆڕینی ئەرکی سەربازی (هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی)، ئەوەش نزیکەی 10 ساڵ دوای پێکهێنانی سەرکەوتووانەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش".
کۆشکی سپی ئاماژە بەوەش دەکات، سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی عێراق باس لە چاکسازییەکانی بواری ئابووریی عێراق دەکەن، ئەوەش بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی کەرتەکە و هەنگاونانی عێراق بە ئاراستەی سەربەخۆیی لە کەرتی وزەدا و نوێگەری لەو بوارەدا.