گوتەبێژی حکومەتی عێراق لەبارەی رفاندنی رۆژنامەڤانە ئەمریکییەکە: چاوپۆشی لە تاوانی لەوشێوەیە ناکەین
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی عێراق لەبارەی رفاندنی رۆژنامەڤانە ئەمریکییەکە دەڵێت، هیچ چاوپۆشییەک لە تاوانی لەو شێوەیە ناکەن، چونکە زیان بە نێوبانگی نێودەوڵەتیی عێراق دەگەیێنێت.
رۆژی چوارشەممە، 8ی نیسانی 2026، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، حکومەت لە یەکەم ساتەکانی رفاندنی "شێلی کێتلسن" بە "گرنگییەکی زۆرەوە" چاودێریی دۆسیەکەی کردووە، تاوەکو دواجار دەزگا ئەمنییەکان توانیویانە بە "کارامەیی و پیشەییبوونێکی بەرزەوە" ئازادی بکەن.
باسم عەوادی ئاماژەی بەوە کردووە، پرۆسەی ئازادکردنی کێتلسن لە چوارچێوەی "سەروەریی یاسا"دا جێبەجێ کراوە. راشیگەیاند، "ئەم رووداوە تاوانێکی رەتکراوەیە و لێی خۆش نابین، لەژێر هیچ بارودۆخێکدا چاوپۆشی لە کار و تاوانی هاوشێوە ناکەین، چونکە ئەمە زیانێکی گەورە بە ناوبانگی عێراق و پێگەی نێودەوڵەتیی وڵاتەکەمان دەگەیێنێت."
گوتەبێژی حکومەت دووپاتی کردەوە کە بەغدا پابەندە بە پاراستنی سەرجەم نیشتەجێبووانی بیانی و نێردە دیپلۆماسییەکان لەسەر خاکی عێراق، "ئەمەش وەک رەنگدانەوەیەک بۆ پەرۆشیمان لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و پابەندبوونی بە یاسا نێودەوڵەتییەکان."
ئەو رۆژنامەڤانە ئەمریکییە رۆژی 31ی ئاداری ئەم ساڵ، لە بەغدا لەلایەن چەند چەکدارێکەوە رفێندرا.
هەمان رۆژ وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، دەستبەجێ هێزە ئەمنییەکان بە پشتبەستن بە زانیاریی وردی هەواڵگری و بەدواداچوونی مەیدانی، دەستیان بە راوەدوونانی رفێنەرەکان کردووە.
رۆژی 7ی ئەم مانگە، ئەبو موجاهید عەساف، بەرپرسی ئەمنیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقی لە راگەیێندراوێکدا ئازادکردنی رۆژنامەڤانەکەی راگەیاند و گوتی، "وەک پێزانینێک بۆ هەڵوێستە نیشتمانییەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە ویلایەتەکەی تەواوبووە، بڕیارماندا بە ئازادکردنی 'شێلی کیتلسن' تۆمەتباری ئەمریکایی ."
کەتیبەکانی حیزبوڵڵا مەرجییان بۆ ئازادکردنی کیتلسنیان ئەوە بوو کە دەبێت "دەستبەجێ" خاکی عێراق جێبهێڵێت.