هێڵی ئاسمانیی عێراقی: رۆژی 10ی ئەم مانگە گەشتە ئاسمانییەکان دەستپێدەکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
هێڵە ئاسمانییەکانی عێراق گەشتە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی دەستپێدەکاتەوە و هەولێر و سلێمانی لە یەکەمین وێستگەکانی دەسپێکردنەوەی گەشتەکان دەبن.
کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراقی رایگەیاند، لە چوارچێوەی پلانێکی قۆناخبەندی و دوای تەواوکردنی سەرجەم پێداویستییە تەکنیکییەکان، لە رۆژی هەینی، 10ی نیسانی 2026ـەوە، گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ ناوەوە و دەرەوەی وڵات دەستپێدەکاتەوە.
هەولێر و سلێمانی لە قۆناخی یەکەمدا
مەناف عەبدولمونعیم، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراقی رایگەیاند، قۆناخی یەکەمی دەستپێکردنەوەی گەشتەکان لە نێوان بەغدا و پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و بەسرە دەبێت.
سەبارەت بە گەشتە نێودەوڵەتییەکانیش گوتی، "بڕیارە هەر لەم قۆناخەدا گەشتەکان بۆ وێستگەکانی ئیستەنبووڵ، قاهیرە و عەممان دەستپێبکەنەوە، ئەمەش بەپێی خشتەیەکی رێکخراو کە رەچاوی خواستی گەشتیاران و ئاسانکاریی جووڵەی ئاسمانی دەکات."
بەڕێوەبەری گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراقی ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هەنگاوە بەشێکە لە ستراتیژیی کۆمپانیا بۆ گەڕانەوەی پلەبەندی و سەلامەتی چالاکییەکان، دووپاتیشی کردەوە کە پابەندن بە بەرزترین ستانداردەکانی کوالێتی و سەلامەتی بۆ گەشتیاران و تیمە فڕۆکەوانییەکان.
کۆمپانیاکە داوا لە گەشتیاران دەکات، بۆ بڕینی تیکت و دڵنیابوونەوە لە گەشتەکانیان، سەردانی نووسینگە فەرمییەکانی هێڵە ئاسمانییەکانی عێراق لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بکەن، یان لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی ئەلیکترۆنییەوە رێکارەکان بگرنەبەر.
لە 28ی شوباتی رابردووەوە لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، ئاسمانی عێراق بە تەواوی بە رووی گەشتە ئاسمانییەکان دا داخرا و لەو کاتەوە هاووڵاتییان تەنیا رێگەی وشکانی بۆ هاتووچۆ بەکاردەهێنن.