قاسم ئەعرەجی: عێراق رۆڵێکی سەرەکی لە نزیککردنەوەی دیدگەی ئەمریکا و ئێران هەبوو

رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق پێشوازی لە رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکات و ئاشکرای دەکات، بەغدا رۆڵێکی سەرەکی لە نزیککردنەوەی دیدگەی هەردوولا هەبووە.
 
رۆژی چوارشەممە، 8ی نیسانی 2026، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە هەژماری فەرمیی خۆی پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند، "پێشوازی لەو هەوڵانەی هێورکردنەوە دەکەین کە بوونە هۆی گەیشتن بە ئاگربەست لەنێوان ئەمریکا و ئێران."
 
قاسم ئەعرەجی ئاماژەی بەوە کردووە کە حکومەتی عێراق لە ماوەی رابردوودا "هەوڵی بێوچان و پەیوەندیی چڕی" ئەنجامداوە بۆ قایلکردن و هاندانی هەموو لایەنەکان بە مەبەستی راگرتنی شەڕ و گرتنەبەری رێگەی هێورکردنەوە. هاوکات، ستایشی رۆڵی "بنیادنەرانەی" پاکستانی کرد لە پاڵپشتیکردنی ئەو رێڕەوە و سەرخستنی هەوڵەکانی ئاگربەست.
 
دووپاتیشی کردووەتەوە کە هەڵوێستی عێراق نەگۆڕە و پێی وایە "گفتوگۆ و دیپلۆماسی باشترین و کاریگەرترین رێگەن" بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و پاراستنی ئاسایش، بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی گەلانی ناوچەکە بکات و هەلی ئاشتییەکی بەردەوام بڕەخسێنێت.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیریی پاکستان، لەسەر راگەیاندنی ئاگربەستێکی کاتی دوو هەفتەیی رێککەوتن. هەروەها بڕیارە رۆژی هەینی، 10ی نیسانی 2026، دانوستاندن لە نێوان شاندەکانی ئێران و ئەمریکا لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان دەستپێبکات.