پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر دیاریکردنی ئەندامانی لیژنە هەمیشەییەکان دەدات
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە پەرلەمانی عێراق کۆبێتەوە و بەرنامەی کار سێ بڕگەی لە خۆگرتووە، یەکێکان تەواوکردنی دەنگدانە لەسەر دیاریکردنی ئەندامانی لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمانی عێراق.
سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی نیسانی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارە کاژێر 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆبێتەوە و گفتوگۆ بکات لە بارەی تەواوکردنی دەنگدانی لەسەر دیاریکردنی ئەندامی لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمانی عێراق، خوێندنەوەی یەکەم بۆ دوو پرۆژەیاسا فڕۆکەوانی مەدەنی و ئەو پارێزگایانەی لە نێو هەرێمێکدا رێکنەخراون.
دوایین دانیشتنی پەرلەمان رۆژی دووشەممەی رابردوو بوو کە دەنگی لەسەر دیاریکردنی ئەندامانی چەند لیژنەیەک دا، نەوانیش پێکهاتبوو لە لیژنەکانی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکان، کارەبا و وزە و شەهیدان و زیندانییانی سیاسی.
هەروەها دەنگدرا لەسەر گۆڕینی ناوی "لیژنەی تەندروستی" بۆ "لیژنەی تەندروستی و بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکان". رەزامەندیش درا لەسەر گواستنەوەی چەند پەرلەمانتارێک بۆ لیژنە نوێیەکان.
پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر پێشنیازێک دا بۆ حکومەت، بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدانی هێزە ئەمنییەکان و سڤیلەکان لە تەواوی پارێزگاکان، لە رێگەی تەرخانکردنی زەوی و بودجەی دارایی تایبەت بۆیان.