لیژنەی ئەمنیی پارێزگای بەسرە: چەند مانگێکە کۆنسووڵخانەی کوێت چۆڵە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی کوێت سەرکۆنەی هەڵکوتانە سەر کۆنسووڵخانەی وڵاتەکەی لە بەسرە دەکات و حکومەتی عێراق بە بەرپرسیار دەزانێت، بەڵام سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی پارێزگاکە دەڵێت، ئەو باڵەخانەیەی هێرشی کراوەتە سەر، چەند مانگێکە چۆڵ کراوە.
 
عەقیل فرێجی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی پارێزگای بەسرە، رۆژی چوارشەممە 8ی نیسانی 2026، بە رووداوی راگەیاند، "ئەو باڵەخانەیەی کە چەند کەسێک هەڵیانکوتایە سەری، چەند مانگێکە بە تەواوی چۆڵە."
 
سەرچاوەیەکیش بە رووداوی گوت، "نێردەی دیپلۆماسیی کوێت چەند مانگێکە باڵەخانەکەیان جێهێشتووە و یەکێک لە هۆتێلەکانی بەسرەیان وەک بارەگای کاتی بەکارهێناوە."
 
ئەو سەرچاوەیە جەختی لەوەش کردەوە، هیچ ئەندامێکی ستافی دیپلۆماسیی کوێت بریندار نەبوون و زیانەکان تەنیا بەر رووکاری دەرەوەی باڵەخانەکە کەوتووە.
 
شەوی سێشەممە، ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران لە بەسرە چوونە نێو باڵەخانەی کۆنسووڵخانەی کوێت. 
 
وەزارەتی دەرەوەی کوێت لە راگەیێنراوێکدا سەرکۆنەی رووداوەکەی کرد و رایگەیاند: "ئەوە پێشێلکارییەکی قبووڵنەکراوە و پێچەوانەی عورف و پەیماننامە دیپلۆماسییەکانە." کوێت جەختی کردەوە کە عێراق بەرپرسیارێتی تەواو و راستەخۆی هەر کەمتەرخەمییەک دەگرێتە ئەستۆ لە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکاندا.
 
وەزارەتی دەرەوەی کوێت داوای لە حکومەتی عێراق کرد، رێکاری خێرا و یەکلاکەرەوە بگرێتەبەر بۆ سزادانی هەموو ئەو کەسانەی لەو رووداوەوە گلاون و گەرەنتیی دووبارە نەبوونەوەی بکرێت.
 
وەزارەتی دەرەوەی کوێت لە راگەیێنراوەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە کە "کوێت بەشێک نییە لە هیچ ململانێیەکی هەرێمی و نێودەوڵەتی و رێگە نادات خاکەکەی لە دژی هیچ وڵاتێک بەکاربهێنرێت."
 
هەروەها هۆشداری دا کە بەردەوامی ئەم جۆرە دەستدرێژییانە کاریگەریی نەرێنی لەسەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و متمانەی نێوان هەردوو وڵات دەبێت.