​راوێژکاری سوودانی:بۆ دابینکردنی مووچە کار بە سیستمی یەک لەسەر دوازدە دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیێنێت، بەهۆی ئاستەنگە ئابوورییەکان و دابەزینی داهاتی نەوت، حکومەت کار بە سیستمی "یەک لەسەر دوازدە" دەکات بۆ ئەوەی دابینکردنی مووچە و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان نەکەونە مەترسییەوە.
 
 رۆژی چوارشەممە، 8ـی نیسانی 2026، دکتۆر موزهر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "ئەو ئاڵنگارییە ئابوورییانەی بەهۆی شەڕ و ململانێ ناوچەییەکانەوە دروستبوون، وایانکردووە حکومەت کۆمەڵێک رێکار بگرێتە بەر بۆ دڵنیابوونەوە لە بەردەوامیی کاری دامەزراوەکانی دەوڵەت، تەنانەت ئەگەر پەسندکردنی بودجەی گشتیش دوا بکەوێت."
 
سیستەمی 1/12 و دابینکردنی مووچە
 
بە گوتەی دکتۆر موزهر ساڵح، یەکێک لە رێکارە هەرە گرنگەکان، جێبەجێکردنی بنەمای خەرجیی کاتییە بە سیستمی (1/12) لەسەر بنەمای بودجەی ساڵی رابردوو، کە ئەمەش پاڵپشتە بە یاسای کارگێڕی دارایی فیدراڵی ژمارە 6ـی ساڵی 2019ـی هەموارکراوە.
 
راوێژکارەکەی سوودانی روونیکردەوە، ئەم رێکارە دەرفەت دەدات خەرجییە پێویستەکان دابین بکرێن کە بریتین لە: مووچەی فەرمانبەران و کرێکاران، مووچەی خانەنشینان و شایستەی چاودێری کۆمەڵایەتی.
 
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم خەرجییانە مانگانە دەگەنە نزیکەی 8 تریلیۆن دینار، جگە لەوەی تێچووی کارپێکردنی دامەزراوە سەرەکییەکان بە بەردەوامی دابین دەکرێت.
 
 یاسای کارگێڕیی دارایی ژمارە (6ی ساڵی 2019)ـی هەموارکراو
 
یاساکە دەڵێت: خەرجکردن بە رێژەی "1/12" (یەک لەسەر دوازدە) یان کەمتر دەبێت لە کۆی گشتیی خەرجییە راستەقینە بەردەوامەکانی ساڵی دارایی پێشوو (دوای دەرکردنی ئەو خەرجییانەی کە دووبارە نابنەوە)، ئەمەش بە شێوەی مانگانە دەبێت تاوەکو ئەو کاتەی بودجەی گشتیی فیدراڵی پەسند دەکرێت.
 
لە بڕگەی سێیەمی یاساکەدا هاتووە: لە حاڵەتی پەسندنەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵێکی دارایی دیاریکراو، داتا داراییە کۆتاییەکانی ساڵی پێشوو دەکرێنە بنەما بۆ داتا داراییەکانی ئەو ساڵە و رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکرێن بە مەبەستی پەسندکردن.
 
ساڵی 2025 تێپەڕبوو بەبێ ئەوەی حکومەت خشتەکانی بودجەی سێ ساڵە پێشکێش بکات کە بڕیار بوو پەرلەمان پەسندیان بکات، لەو کاتەدا دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە حکومەت لەبەر هاوکاتبوونی کاتەکە لەگەڵ هەڵبژاردنەکان، خۆی لە پێشکێشکردنی خشتەکان پاراستووە بۆ ئەوەی لە لایەن هەندێک لایەنی سیاسییەوە بۆ بەرژەوەندیی تایبەت بەکارنەهێنرێن.
 
حکومەتی پێشوو بودجەی سێ ساڵەی بۆ ساڵانی (2023، 2024، 2025) پەسند کردبوو، کە بە گەورەترین بودجە لە مێژووی عێراقدا دادەنرێت، بە جۆرێک بڕی هەر بودجەیەکی ساڵانە لە 200 تریلیۆن دینار زیاتر بوو و کورتهێنانی هەر ساڵێکیشیان دەگەیشتە 60 تریلیۆن دینار.
 
"پڕۆژە زۆر پێویستەکان "

سەبارەت بە چارەنووسی پرۆژەکان لەم دۆخەدا، موزهر محەممەد ساڵح باسی لەوە کرد، پرۆژە وەبەرهێنانە نوێیەکان رادەگیرێن یان دوادەخرێن و تەنیا ئەو پرۆژانە جێبەجێ دەکرێن کە زۆر پێویست و هەنووکەیین
.
گوتیشی، حکومەت ئێستا کار لەسەر رێکخستنەوەی لە پێشینەکانی خەرجی دەکات و تیشک دەخاتە سەر کەرتە زیندووەکان، هەروەها رێگەی یاسایی دەگیرێتەبەر بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاریی دارایی سنووردار لەنێوان بڕگەکانی خەرجکردندا.
 
راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیران روونیشی کردەوە، لە هەندێک باردا رەنگە حکومەت پەنا بباتە بەر قەرزی ناوخۆیی کورتخایەن بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی کاتی و دڵنیابوونەوە لە جێگیربوونی پارەی نەختینە لە بانکەکاندا.