وەزارەتی نەوتی عێراق تۆمەتەکانی ئەمریکا لە دژی بریکارێکی رەتدەکاتەوە: "ئامادەین بۆ لێکۆڵینەوەی دادوەرانە"
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو تۆمەتانە رەت دەکاتەوە کە ئەمریکا بەهۆیەوە عەلی مەعاریج بەهادلی، یەکێک لە بریکارانی وەزارەتەکەی خستە لیستی سزادراوانیەوە و ئامادەییشی نیشاندا بۆ لێکۆڵینەوەیەکی دادوەرانە لەبارەی ئەو تۆمەتانە.
ئەو سزایەی عەلی مەعاریج بەهادلی، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن، رۆژی پێنجشەممە حەوتى ئایار لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە راگەیێنرا و تێیدا ئەو بەرپرسە عێراقییەی تۆمەتبار کردووە بەوەی "پۆستەکەی قۆستووەتەوە بۆ ئاسانکاریی قاچاخچێتیی نەوت بۆ بەرژەوەندیی ئێران و گرووپە چەکدارەکان".
وەزارەتی نەوتی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا جگە لە رەتکردنەوەی تۆمەتەکان، ئاماژەی بەوە داوە رێزی تەواو لە رێکارە یاساییەکان و دادگاکانی عێراق دەگرێت و داواش دەکات کە پشت بە شەفافیەت و بەرپرسیارێتی ببەسترێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەر دۆسیەیەکدا و تۆمەتەکان لەسەر بنەمای بەڵگە بن، دوور لە هەر شرۆڤەیەکی دیکە.
ئەو وەزارەتە ئامادەیی نیشانداوە بۆ هاوکاریی تەواو و هەر لێکۆڵینەوەیەکی دادوەرانە کە لەو بارەیەوە بکرێت.
بەهادلی لەلایەن ئەمریکاوە بەوە تۆمەتبار دەکرێت، رێگەی داوە رۆژانە بە بەهای ملیۆنان دۆلار نەوت لە کێڵگەی گەیارەوە بە تانکەر بگوازرێتەوە بۆ کۆمپانیاییەک، بە بەڵگەنامەی ساختە لە خۆر زوبێر وەک نەوتی عێراق هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کراوە.
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، پڕۆسەی هەناردەی نەوتی خاو و فرۆشتنی و بارکردنی و هەموو رێکارەکانی پەیوەست بەوەوە، لە سنووری بەرپرسیارێتیی بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن نییە، بەڵکو کۆمپانیا و لایەنی پەیوەندیدار ئەو دۆسیەیە بەگوێرەی میکانیزمە کارپێکراوەکان بەڕێوەی دەبەن و پێشتر کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) روونکردنەوەی داوە و ئەوەی رەت کردووەتەوە کە لەو بارەیەوە بڵاو کراوەتەوە.