سەدر داوا لە زەیدی دەکات گرووپە چەکدارەکان بخاتە سەر دەستەی حەج و عومرە

 
رووداو دیجیتاڵ 

موقتەدا سەدر داوا لە سەرۆکوەزیرانی راسپێدراو دەکات کە گرووپە چەکدارەکان بکرێنە "سەربازی بۆنە ئاینییەکان" و بخرێنە ژێر دەسەڵاتی دەستەی حەج و عومرە، هەروەها ئەو لایەنانە لە حکومەتی داهاتوو دووربخرێنەوە، کە باڵی سەربازییان هەیە.
 
هەینی 8ی ئایاری 2026، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانی شیعە، لە راگەیێنراوێکدا شەش داواکاری ئاراستەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێدراو بۆ حکومەتی نوێی عێراق کرد.
 
سەدر داوا دەکات پێویستە لە حکومەتی داهاتوودا گرووپە چەکدارەکان بە جیاوازیی تێڕوانینەکانیانەوە بکرێنە "سەربازی بۆنە ئاینییەکان" و بخرێنە ژێر دەسەڵاتی دەستەی حەج و عومرە، یان بیانکاتە "دەستەیەکی مرۆیی" بۆ بەدەنگەوەهاتن و هاوکارییە مرۆییەکان. هەر یەکێکیش ئەوەی رەتکردەوە، وەک دەرچوو لە یاسا هەژمار بکرێت.
 
موقتەدا سەدر رایگەیاندووە، ئەگەر ئەو هەنگاوە بنرێت، ئەویش ئامادەیە گرووپی سەرایای سەلام رادەستی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بکات و پێویستە "هەمووان بە زووترین کات ئەوە بکەن".
 
سەرۆکی رەوتی نیشتمانی شیعە داوای کردووە پەنا بۆ "تێکەڵەی عەتار" نەبەن لە پێکهێنانی کابینەی حکومەت و هەموو ئەوانە بە تەواوی لێ دووربخرێنەوە، کە باڵی سەربازییان هەیە.
 
یەکێک لە داواکارییەکانی دیکەی سەرۆکی رەوتی نیشتمانی شیعە لە حکومەتی داهاتوو ئەوەیە کە کار بۆ سەربەخۆیی بکات لە دەستوەردانە دەرەکییەکان و دەستبەجێ کار لەسەر بنبڕکردنی گەندەڵی بکرێت لە ماوەی 90 رۆژدا، ئەوەش بە "گرێبەستی سەدە" و تۆمەتبارەکەی دەستپێبکەن، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ "دزیی سەدە" کە تێیدا زیاتر لە 3 تریلیۆن دینار لە سپاردەی دارایی دەستەی گشتیی باج دزرا.
 
موقتەدا سەدر داوا کردووە کە پەیوەندییە دەرەکییەکانی عێراق بەهێز بکرێت و بەرووی جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا بکرێتەوە. دەشڵێت: "رازی نابین بە بوونی هەر کەسێکی رەوتی نیشتمانی شیعە لە کابینەی حکومەتدا و هیچ وەزیرێک نوێنەرایەتیمان ناکات".
 
ئەو داواکارییانەی موقتەدا سەدر دوای رۆژێک بوو لە رادەستکردنی کارنامەی حکومەتی نوێی عێراق، لەلایەن عەلى فالح زەیدییەوە کە بڕیارە لەگەڵ ئەندامانی کابینەی نوێی حکومەت لە پەرلەمان دەنگیان لەسەر بدرێت.