گوتارخوێنی نەجەف: مەرجی واشنتن بۆ حکومەتی نوێی عێراق دەستوەردانێکی روونە
رووداو دیجیتاڵ
پێشنوێژ و گوتارخوێنی نەجەف رەخنەی تووند لە ئەمریکا دەگرێ و تۆمەتباری دەکات بە "دەستوەردان لە پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق." دەشڵێت، نابێت واشنتن مەرج بۆ عێراق دابنێت.
لە گوتاری نوێژی ئەمڕۆ هەینیدا، سەدرەدین قوبانچی، پێشنوێژ و گوتارخوێنی نەجەف گوتی، ئەمریکا داوای کردووە "هەر وەزیرێک پەیوەندی بە بەرەی موقاوەمەوە هەبێت، دووربخرێتەوە." قوبانچی ئەوە وەک "دەستوەردانێکی روون" لە کاروباری عێراق ناودەبات.
سەدرەدین قوبانچی داوای لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و عەلی زەیدی، بەربژێری راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق کرد، "هەڵوێستێکی تەواو" وەربگرن بۆ پاراستنی سەربەخۆیی بڕیاری سیاسیی عێراق.
سەبارەت بە پەرلەمانی عێراق، قوبانچی نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی کە "120 بۆ 160" پەرلەمانتار ناویان بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج گەڕاوەتەوە و دەڵێت، "ئەمە دیاردەیەکی نامۆیە و لە رای گشتیی عێراق رەتکراوەیە. ئەمە هیچ تەفسیرێک هەڵناگرێت لە کاتێکدا دەیان دۆسیەی گرنگ لە پەرلەمانن بۆ یەکلاییکردنەوە."
1ی ئەم مانگە هێرشێک لە رێگەی نارنجۆکەوە کرایە سەر ئۆتۆمبێلێک لە بەردەم هۆتێلی سەفیر زەهرا لە ناوچەی سەیدە زەینەب، کە لە ئەنجامدا فەرحان مەنسوور، پێشنوێژ و گوتاربێژی مەزارگەی سەیدە زەینەب کوژرا.
سەدرەدین قوبانچی حکومەتی سووریای بە بەرپرسیار لە روودانی ئەو رووداوە زانی و داوای دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی هێرشەکەی کرد.