سێیەکی پەرلەمانتارانی عێراق ناویان بۆ حەج گەڕاوەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراق دەڵێ، سێیەکی پەرلەمانتاران ناویان بۆ حەج گەڕاوەتەوە، بەڵام تاوەکو دەنگ لەسەر کابینەی حکومەتی نوێ نەدرێ، کەس ناچێت.
رۆژی هەینی، 8ـی ئایاری 2026، سەفوان بەشیر گەرگەری، ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، زیاتر لە 100 پەرلەمانتار ناویان بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج گەڕاوەتەوە.
سەفوان گەرگەری گوتی: "فڕۆکە ئامادەیە؛ هەموو شتێک ئامادەیە، بەڵام رێنمایی هاتووە کە نابێت هیچ پەرلەمانتارێک بچێتە حەج تاوەکو دەنگدان بە کابینەی نوێی حکومەت تەواو دەبێت."
سەفوان گەرگەری باسی لەوەش کرد، بەرنامە حکومییەکەی عەلی زەیدی گەیشتووەتە دەست سەرجەم پەرلەمانتاران و "ئامادەکاری بۆ رۆژی دانیشتنی دەنگدان دەکرێ."
بە گوتەی ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراق، عەلی زەیدی سەرۆکایەتی پەرلەمانی ئاگادارکردووەتەوە کە هەموو رێکارە پێویستەکانی تەواوکردووە و کابینەکەی ئامادەیە؛ گوتیشی: "ئەگەری زۆرە کە لە نێوەڕاستی هەفتەی داهاتوودا دەنگ لەسەر کابینەکەی بدرێ."
رۆژی پێنجشەممە، 7ـی ئایارى 2026، عەلى فالح زەیدى، راسپێردراو بۆ پێکهێنانى کابینەی نوێى عێراق کارنامەى حکومەتەکەى رادەستى هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکى پەرلەمان کرد.
بەگوێرەى راگەیاندنى پەرلەمانى عێراق، هەیبەت حەلبووسی فەرماندی کردووە بە گشتاندنى ئەو کارنامەیە بۆ سەرجەم پەرلەمانتاران بۆ تاوتوێکردنى.
لە 26ی نیسانەوە، عەلی فالح زەیدی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ راسپێردراوە کە 30 رۆژی لەبەردەمە.