زیاتر لە 600 هێرش کراوەتە سەر نوێنەرایەتییەکانی ئەمریکا لە عێراق


رووداو دیجیتاڵ

ئەمریکا گوشارەکانی بۆ سەر حکومەتی عێراق گەیاندووەتە لوتکە تاوەکو کۆتایی بە هەژموونی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تاران بهێنێت؛ بەگوێرەی راپۆرتە میدیاییەکانیش، لە دەستپێکی جەنگی ئێرانەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 600 هێرش کراوەتە سەر بنکە و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە عێراق.
 
بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی هەینی، 8ـی ئایاری 2026، بە تۆڕی (NBC News)ـیان راگەیاند، لە کاتی هەڵگیرسانی جەنگی ئێران لە 28ی شوباتی رابردووەوە، ئاستی هێرشەکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی واشنتن لە عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. ئەم دۆخە وایکردووە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا داوا لە هاووڵاتییانی بکات بە پەلە عێراق جێبهێڵن.
 
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە: "ئێستا سنوورێکی زۆر لێڵ لە نێوان دەوڵەتی عێراق و میلیشیاکاندا هەیە؛ چونکە بەشێک لە دامەزراوەکانی دەوڵەت بوونەتە چەتری سیاسی، دارایی و ئۆپەراسیۆنی بۆ ئەو گرووپانە."
 
واشنتن بە دیاریکراوی ئاماژە بە هێزەکانی حەشدی شەعبی دەکات و دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی وەک بەشێک لە هێزە فەرمییەکان ناسێندراون، بەڵام "هەژموونی تارانیان پێوە دیارە."
 
وەک بەشێک لەو گوشارانە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە سزای بەسەر عەلی مەعاریج ئەلبەهادلی، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراقدا سەپاند.
 
تۆمی پیگۆت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەلبەهادلی پۆستەکەی بۆ "تێوەگلاندنی نەوتی عێراق و تێکەڵکردنی لەگەڵ نەوتی ئێران" بەکارهێناوە تاوەکو بۆ بەرژەوەندیی تاران بیفرۆشێت. راشیگەیاند، چەندین کۆمپانیای کەرتی نەوتیش کە پاڵپشتیی میلیشیاکان دەکەن، خراونەتە لیستی سزاکانەوە.
 
ئەم هەنگاوانەی واشنتن وەک تاقیکردنەوەیەکی سەخت بۆ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق دەبینرێن. هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هیوای سەرکەوتنی بۆ زەیدی خواستووە، بەڵام بەرپرسانی واشنتن دەڵێن ئەوان "چاوەڕێی کردەن نەک قسە" و داوای دەرکردنی میلیشیاکان و بڕینی سەرچاوە داراییەکانیان دەکەن.
 
ئەم ئاڵۆزییانە لەکاتێکدایە کە واشنتن و تاران لە پاکستان لە رێککەوتنێکی مێژوویی نزیک دەبنەوە، بەڵام ئیدارەی ترەمپ سوورە لەسەر ئەوەی رێگری لە هەر جۆرە قاچاخییەکی نەوت بگرێت کە لە رێگەی خاکی عێراقەوە بۆ ئێران دەکرێت.
 
ئێستا بەغدا لە نێوان دوو بژاردەدایە؛ یان دەبێت بە کردەیی مەرجەکانی واشنتن بۆ راماڵینی میلیشیاکان جێبەجێ بکات، یان رووبەڕووی سزای ئابووریی قورستر و پەککەوتنی سیستمە داراییەکەی ببێتەوە.