ئەیاد کاکەیی: هەفتەی داهاتوو بڕیار لە چارەنووسی عەجاج دەدرێ
رووداو دیجیتاڵ
لە دادگاییکردنی تۆمەتبار (عەجاج)دا لە بەغدا، کەسوکاری ئەنفالکراوان دوای دەیان ساڵ رووبەڕووی یەکێک لە تۆمەتبارە دڵڕەقەکانی نوگرەسەلمان بوونەوە. پارێزەری دۆسیەکە دەڵێ، بەڵگەکان تەواوکارن و کەسوکاری قوربانییانیش دەڵێن: "بە زەلیلی عەجاجمان بینی و هەستمان کرد تازە لەدایکبووینەتەوە."
لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ پارێزەر و کەسوکاری ئەنفالکراوان زانیاری نێو هۆڵی دادگەییکردنی (عەجاج)یان باسکرد. دادگاییەکە رۆژی پێنجشەممە،7ـی ئایار لە دادگەی باڵای تاوانەکان لە بەغدا بەڕێوەچوو و دوای وەرگرتنی گوتەی سکاڵاکاران، دانیشتنەکە بۆ رۆژی 14ی ئەم مانگە دواخرا.
"بڕیاری کۆتایی نزیکە"
ئەیاد کاکەیی، پارێزەری ئەنفالکراوان لە دۆسیەی (عەجاج)دا گوتی: "سکاڵاکارەکان بەڵگەی پێویستیان پێشکێش کردووە و گوتەکانیان تەواوکەری یەکدی بوون، ئەمەش خاڵێکی یاسایی بەهێزە".
بە گوتەی ئەیاد کاکەیی، چاوەڕوان دەکرێ هەفتەی داهاتوو دادگە بڕیاری کۆتایی لەبارەی چارەنووسی عەجاج بدات و گوتی: "لە یەکەم دانیشتنی دادگەدا بەهۆی درەنگکەوتنی ئامادەکارییەکانی هۆڵی دادگە، چەند کاژێرێک دانیشتنەکە درەنگتر دەستیپێکرد و ئەوەش هۆکارێک بوو بۆئەوەی دادگە فریا نەکەوێ بڕیاربدات، بەڵام پێشبینی دەکەین لە دانیشتنی داهاتوودا کە بڕیارە رۆژی 14ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، دادگە چارەنووسی عەجاج یەکلایی بکاتەوە".
ئەیاد کاکەیی گوتی: "عەجاج لە دادگەدا هیچ نیشانەیەکی پەشیمانی پێوە دیارنەبوو و تاوەکو ئێستاش شاهێدی لەسەر چەند ئەفسەرێک داوە، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە قۆناخی وەرگرتنی گوتەی تۆمەتبارەکە".
"لە کوشتنی ساواوە تاوەکو گۆڕی بەکۆمەڵ"
قاسم کازم، یەکێک لە کەسوکاری ئەنفالکراوان کە لە دادگەدا ئامادە بوو، لە (رووداوی ئەمڕۆ)دا گوتی: "عەجاج منداڵی ساوای لە باوەشی دایکیدا کوشت".
قاسم کازم ئاماژەی بەوەکرد، چواردەوری قەڵای نوگرەسەلمان بووەتە گۆڕی بەکۆمەڵ، بەهۆی تاوانەکانی ئەو سەردەمەوە.
قاسم کازم باسی لە هەڵوێستی دادوەر کرد بەرامبەر تۆمەتبارەکە و گوتی: "دادوەر لە عەجاج تووڕە بوو و پێی گوت: هەموو بەڵگەیەکت لەسەرە کە تاوانباریت؛" دەشڵێت: "خۆشحاڵ بووین کە لە بەغدا تاوانبارێکی ئەنفالمان بەو زەلیلییە بینی".
عەتا ئیبراهیم، یەکێکی دیکە لە کەسوکاری ئەنفالکراوان، باسی لە ساتی رووبەڕووبوونەوەی خۆی و عەجاج کرد و گوتی: "پێش ئەوەی ببرێتە هۆڵی دادگە بینیم. کاتێک لەنێو دادگەش بینیم، هاوارم کرد و هێزە ئەمنییەکان رێگرییان لێکردم، بەڵام پێم گوت: سەیری نێو چاوم بکە، ئەی تاوانبار."
عەتا ئیبراهیم دەڵێت: "کاتێک عەجاجم بەو زەلیلییە بینی، هەستم کرد تازە لەدایکبوومەتەوە".
پارێزەر ئەیاد کاکەیی رەخنەی لە سستیی پرۆسەی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی ئەنفال گرت و گوتی: "لە کۆی 423 تۆمەتباری ئەنفال، تاوەکو ئێستا تەنیا 2 تۆمەتباریان دەستگیرکراون."
ئەیاد کاکەیی ئاماژەی بەوەشکرد: "دادگەی تاوانەکانی عێراق کەوتووەتە ژێر کاریگەریی پشکپشکێنەی سیاسی و حیزبییەوە."
ئەو پارێزەرە لەبارەی قوربانیانی ئەنفال باسی لەوەکرد: "هێشتا قوربانییانی ئەنفال هەن لە کە برینیان ساڕێژ نەبووە و تەنانەت ئامادە نین سکاڵاش تۆمار بکەن، لەکاتێکدا عەجاج خۆی دانی بەوەدا ناوە کە دەستدرێژیی کردووەتە سەر ئەنفالکراوان".
چاوی کەسوکاری ئەنفالکراوان لەسەر بڕیاری هەفتەی داهاتووی دادگەیە بۆ ئەوەی بزانرێ عەجاج تکریتی کە 31ی تەممووزی 2025 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە دەستگیرکرا چ سزایەک وەردەگرێت.