دامەزراوەی پارەدانی ئەلیکترۆنیی عێراق: لە هەڵەبجەوە دەستپێدەکەین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دامەزراوەی پڕۆژەی پارەدانی ئەلیکترۆنیی عێراق دەڵێت، لە کۆی 22 ملیۆن کارتی دابەشکراو، 18 ملیۆنیان لەلایەن هاووڵاتییانەوە کاریان پێدەکرێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لە رۆژانی داهاتوودا لە هەڵەبجە دەستپێدەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی حوزەیرانی 2025، نەبیل نەجار، سەرۆکی دامەزراوەی پارەدانی ئەلیکترۆنیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "زیاتر لە 22 ملیۆن کارتی پارەدانی ئەلیکترۆنی دابەشکراون. نزیکەی 18 ملیۆن کارت رۆژانە لەلایەن هاووڵاتییانەوە بەکاردەهێندرێن."
نەبیل نەجار دەڵێت: "20 کۆمپانیا و چەند بانکێک لە پڕۆژەکەدا بەشدارن، لەوانە لقی عێراقی بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی، بانکی ئاڕ تی و بانکی جیهان."
دامەزراوەی پارەدانی ئەلیکترۆنی هەڵمەتی "پێتان دەگەین لە زاخۆ تاوەکو فاو"ـی راگەیاندووە.
سەرۆکی دامەزراوەی پارەدانی ئەلیکترۆنیی عێراق گوتی: "لە چەند رۆژی داهاتوودا لە هەڵەبجە وەک یەکەم پارێزگای هەرێمی کوردستان دەستپێدەکەین؛ هەڵبژاردنی هەڵەبجەش وەکو یەکەم پارێزگا، بۆ پشتگیری و پشتیوانیمانە بۆ ئەو پارێزگا نوێیەی وڵات."
یەکی حوزەیرانى 2023 بانکى ناوەندیى عێراق دەستپێکردنى خزمەتگوزاریى پارەدانى ئەليکترۆنى (POS)ـی لە هەردوو کەرتى تایبەت و گشتى راگەیاند و گوتی، "ئامانج لەو بڕیارەی بەهێزکردنى متمانەى پارەدانى ئەلیکترۆنی و سنووردارکردنى مامەڵەى نەختینەیە لە مامەڵەکانى پارەدان و بازرگانی."
17ی کانوونى دووەمى 2023، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاری دا لە یەکی حوزەیرانەوە دەست بە کارکردن بکرێت بە سیستمى پارەدانى ئەلیکترۆنى تاوەکو هاووڵاتییان لە رێگەى کارتى بانکییەوە مامەڵە داراییەکانیان لە فەرمانگەى حکومى و کەرتى تایبەت بەڕێبکەن.