عەلی سیستانی پێشوازی لە ژمارەیەک برینداری تەقینەوەی پەیجەرەکانی لوبنان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی عەلی سیستانی، مەرجەعى باڵاى شیعەکانی عێراق بڵاویکردەوە، سیستانی پێشوازی لە ژمارەیەک لە بریندارانی رووداوی تەقینەوەی پەیجەرەکانی لوبنان کردووە.
بە گوێرەی نووسینگەکەی، "ئایەتوڵڵا سەید عەلی سیستانی سوپاس و رێزی خۆی بۆ قوربانییە گەورەکانیان لە بەرگریکردن لە نیشتمان و شکۆیان دەربڕی."
نووسینگەکەی رایگەیاندووە: "لە دیدارەکەدا ئایەتوڵڵا سیستانی پێزانینی خۆی بۆ بەرخودانکاران دووپات کردەوە کە بەشێکیان لە بەرگریکردن لە خاک و شوێنە پیرۆزەکان گیانیان بەخت کردووە"؛ جەختی لەوەش کردووەتەوە، ئەو قوربانیدانانە "نموونەیەکی گەورەی خۆبەختکردن و خۆڕاگرین لەسەر پرەنسیپەکان."
لە بەرامبەردا بریندارەکان سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی سیستانی کردووە بۆ هەڵوێست و پاڵپشتییەکانی بۆ بەرەی موقاوەمەی وڵاتەکەیان و"بەهێزیی ویستیان دووپاتکردەوە بۆ بەردەوامبوون لە بەرگریکردن لە شکۆی گەل، سەرەڕای هەموو سەختییەکان."
17 و 18ـی ئەیلوولی 2024 لە ئەنجامی تەقینەوەی هەزاران ئامێری پەیجەر و وۆکی تۆکی (بێتەل) لە سەرانسەری لوبنان، لانیکەم 37 کەس کوژران و زیاتر لە 3 هەزاری دیکەش بریندار بوون.
میدیای ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، هەموو ئامێرێکی پەیجەر و وۆکی تۆکی کە لەلایەن حیزبوڵڵاوە بەکاردەهێنرا بە هەواڵگریی ئیسرائیلەوە بەسترابووەوە و لەو رێگەیەوەش هەواڵگریی ئیسرائیل ئاگاداری هەموو جووڵەیەکی چەکدارەکان بووە.