دادگەی فیدراڵیی عێراق بۆ رووداو: شێوازی خانەنشینکردنی بەڕێوەبەرە گشتییەکان نادادپەروەرانەیە
رووداو دیجیتاڵ
روونکردنەوەیەکی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق کە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە، پووچەڵکردنەوەی بڕیاری دادگەکەیان لەبارەی بە نادەستووری دانانی بڕگەی تایبەت بە شێوازی خانەنشینکردنی بەڕێوەبەرە گشتییەکان لەلایەن دادگەی تێهەڵچوونەوە، بە ناڕەوا دەناسێنێت.
بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، رۆژی 4ی ئەم مانگە لەلایەن دادگەی تێهەڵچوونەوەی عێراقەوە پووچەڵکرایەوە. دادگەی فیدراڵیش پووچەڵکردنەوەی بڕیارەکە بە "زەوتکردنی مافی فەرمانبەرانی ئاسایی" پێناسە دەکات و لە کاردانەوەی ئەو بڕیارەدا هەمان رۆژ لە روونکردنەوەیەکدا گوتی: "بەپێی مادەی 94ـی دەستوور، بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی کۆتایی و پابەندکەرن بۆ سەرجەم دەسەڵاتەکان".
نووسراوەکەی دادگەی باڵای فیدراڵی کە ئەمڕۆ یەکشەممە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە، دەڵێت: "لە 11/13/2024 بڕیاری ژمارە 232مان دەرکرد و بڕگەی هەشتەمی مادەی 35ی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ژمارە 9ی ساڵی 2014مان بە نادەستووری ناساند، کە لەو بڕگەیەی یاساکەدا هاتووە: بەڕێوەبەرە گشتییەکانی سەرجەم دامەزراوەکانی حکومەت مافی وەرگرتنی تاوەکو بڕی 80٪ی کۆی گشتیی دوایین مووچە و دەرماڵەی پێش خانەنشینبوونیان هەیە."
دادگەکە ئاماژەی بەوە کردووە: "بەگوێرەی ئەو یاسایە، مووچەی خانەنشینی بە بەڕێوەبەرە گشتییەکان بە رێژەی 80% دانراوە بەبێ گوێدانە ماوەی خزمەتەکەیان، تەنانەت ئەگەر یەک رۆژیش بێت. لەکاتێکدا هەمان یاسا خزمەتی خانەنشینی فەرمانبەرانی دیکە لەسەر بنەمای رۆژ بە رۆژی دەوامکردنیان هەژمار دەکات، بەجۆرێک ئەو فەرمانبەرانەی خزمەتی تەواویان نەبێت، مووچەی خانەنشینی تەواویان پێ نادرێت."
دادگەکە دەڵێت: "کوا دادپەروەری لەوەدایە کە بەڕێوەبەری گشتی مووچەی خانەنشینی تەواوی پێدەدرێت، بێ گوێدانە خزمەتەکەی؟ لەسەر ئەو بنەمایە دادگەی فیدراڵی بڕیاری دا کە ئەو بڕگەیە نادەستوورییە و پێویستە هەڵبوەشێندرێتەوە، ئەوەش لەبەر دوو هۆکار. یەکەمیان، نەبوونی یەکسانی لەنێوان فەرمانبەران و دووەمیان ئەوەیە کە ئەمە دەبێتە هۆی پڕکردنی گیرفانی بەڕێوەبەرە گشتییەکان کە خزمەتی خانەنشینییان نییە، لەسەر حیسابی فەرمانبەران کە تەواوی ژیانیان لە خزمەتکردندا بەسەربردووە."
سەرچاوەیەکی باڵای دادگەکە بە رووداوی گوت: "حکومەت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی بڕی، بە پاساوی ئەوەی ترسی لە بەتاڵبوونی گەنجینەی دەوڵەت هەیە، لە کاتێکدا بڕیاری دادگەی فیدراڵی لەسەرە و دەبوو خەرج بکرێ. بەڵام دادگەی تێهەڵچوونەوە بڕیارێکی دیکەی دادگەی فیدراڵی رەتدەکاتەوە کە بڕیارەکە پارێزگاری لە گەنجینەی دەوڵەت دەکات و دەڵێت، دەبێت مووچەی فەرمانبەران و بەڕێوەبەرە گشتییەکان بە دادپەروەری بدرێت و خزمەتی ساڵانە هەژمار بکرێت."
خالید بابە رەسووڵ، پسپۆڕی دارایی و ئابووری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو بڕیارە جیاوازییەکی گەورە لەنێوان فەرمانبەرانی ئاسایی و پلەتایبەتەکان دروست دەکات، بەجۆرێک پلە تایبەتەکانی جۆری یەکەم و دووەم کە بەڕێوەبەرە گشتییەکانن، یەکەم مووچەیان بە ملیۆنێک و 500 هەزار دینار دەستپێدەکات."
خالید بابە رەسووڵ دەڵێت: "ئەم بڕیارە پێچەوانەی سەرجەم بڕگەکانی یاسای خانەنشینی یەکگرتووە، چونکە بۆ فەرمانبەرانی ئاسایی بە گوێرەی یاساکە بۆ دیاریکردنی مووچەی خانەنشینی، ساڵانی خزمەت کۆی مووچەی بنەڕەتی دەکرێت، دواتر جارانی 2.5 و دابەشی 100 دەکرێت."
بە گوتەی ئەو پسپۆڕە داراییە: "فەرمانبەری ئاسایی ئەگەر 40 ساڵیش خزمەتی هەبێت، لە کاتی خانەنشینبوون مووچەکەی 800 هەزار دینار تێناپەڕێت، بەڵام کەسێکی دیکە ئەگەر ساڵێک وەکو بەڕێوەبەری گشتی خزمەتی هەبووبێت، ملیۆنێک و 400 هەزار دیناری پێدەدرێت، ئەوەش گوشارێکی گەورە لەسەر بودجەی گشتیی وڵات دروست دەکات."
یاسای ژمارە 9ـی ساڵی 2014ی خانەنشینی یەکگرتووی عێراق لە یەکی کانوونی دووەمی 2014ـەوە لە عێراق کاری پێدەکرێت. رۆژی 10ی شوباتی ئەم ساڵ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کارپێکردنی یاساکەی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.