پۆدکاستی رووداوى عێراق؛ بەغدا 57%ـی بودجە بۆ مووچە خەرج دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
عێراق پار 71%ـی بودجەکەى خەرج کردووە، 57%ـی بۆ مووچە بووە کە زیاتر لە 85 تریلیۆن دینار بووە. هەروەها 47%ى پارەى وەبەرهێنانى خەرجکردووە. 91%ى تێکڕاى داهاتى پار سەرچاوەکەى نەوت بووە؛ داهاتى نانەوتى 14 تریلیۆن دینارى کەمتر بووە لەوەى لە خشتەى بودجەدا پێشبینی بەدەستهێنانى کراوە. حکومەت 10.7 تریلیۆن دینارى بۆ هەرێمى کوردستان ناردووە.
 
ئەو ژمارانە بەشێکن لە راپۆرتى وەزارەتى دارایی فیدراڵ بۆ خەرجى 12 مانگى ساڵى 2024.
 
لە خشتەى بودجەى 2024ى عێراقدا بودجەى خەمڵێندراو 211.8 تریلیۆن دینار بوو، بەڵام 150 تریلیۆن و 527 ملیار و 346 ملیۆن دینارى خەرج کرا، بەو پێیە زیاتر لە 61 تریلیۆن دینارى کەمتر لەوە خەرج کرد کە دەکاتە 71%ى تێکڕاى بودجەکەى.
 
125 تریلیۆن و 214 ملیار دینارى ئەو خەرجیە بۆ بەکاربردن بووە. لەو بڕە 86 تریلیۆن دینارى بۆ مووچە بووە، واتە پارەى مووچە 57.3%ى کۆى خەرجییەکانى پارى بردووە بە خەرجى بەکاربردن و وەبەرهێنانەوە. 
 
 
نەبیل مەرسوومى، پسپۆڕى ئابووریى عێراق لە کاتی بەشداریکردنى لە پۆدکاستى (رووداوى عێراق) گوتى: "ئەم ژمارەیە دەبێت ژمارەیەکى دیکەى بۆ زیاد بکرێت کە 18 تریلیۆن دینارە، کە پێشینەى بەکاربردن و وەبەرهێنانە و خەرج کراوە، بەڵام پاکتاونەکراوە، کە ئەو کاتە ئەو ژمارەیە بۆ 150 تریلیۆن دینارەکە زیاد دەکەیت و دەبێتە قەبارەى خەرجى کرداری بۆ 2024 و ژمارەکە دەگەیێنێتە 168 تریلیۆن دینار، ئەمەش قەبارەى کورتهێنانى راستەقینەى بودجە بەرزدەکاتەوە بۆ  28 تریلیۆن دینار". 
 
تێکڕاى خەرجى وەبەرهێنان 25 تریلیۆن و 313 ملیار دینار بووە، بەوەش 16.6%ى خەرجى پار بۆ  وەبەرهێنان بووە. لە 53.3 تریلیۆن دینار کە لە خشتەى بودجەى پار بۆ  وەبەرهێنان دیاری کرابوو %47ى خەرج کراوە.
 
نەبیل مەرسوومى دەڵێت: "ئەگەر پارەى خەرجى گەڕى گرێبەستەکانى نەوت و گاز لە داهاتى نانەوتى جیابکەینەوە لە خەرجى وەبەرهێنان کە 11 تریلیۆن دینارە، ئەو خەرجییە تەنیا 14 تریلیۆن دینارى دەمێنێتەوە. ئەو ژمارەیە زۆر کەمە و یەکێکە لە خاڵە لاوازەکانى پەیکەرى بودجەى گشتى؛ خەرجى بەکاربردن زاڵ بووە بەسەر خەرجى وەبەرهێنان".
 
پشکى هەرێمى کوردستان لەو خەرجیەى وەزارەتى دارایی فیدراڵ بڵاویکردووەتەوە 10 تریلیۆن و 786 ملیار دینارە، لەکاتێکدا پشکەکەى لەو خشتەى بودجە بەر لەخەرجکردنى 20.9 تریلۆن دینار بووە، بەو پێیە پار حکومەتى فیدراڵى 10.2 تریلیۆن دینارى پشکى بودجەى هەرێمى کوردستانى خەرج نەکردووە.
     
زۆرترین خەرجى
 
زۆرترین خەرجى پار لە وەزارەتى دارایی بووە کە 27.7 تریلیۆن دینار بووە، وەزارەتى ناوخۆ دووەم بووە بە خەرجکردنى 13.5 تریلیۆن دینار، وەزارەتى پەروەردە بە خەرجکردنى 11.3 تریلۆن دینار لە ریزبەندى سێیەم بووە، کەمترین خەرجیش پشکى دەستەى گشتى چاودێریى پارەى داهاتە فیدراڵییەکان بووە کە تەنیا 1.8 ملیار دینارى خەرج کردووە.
 
لەسەر ئاستى پارێزگاکان، بەغدا یەکەم بووە لە زۆرترین خەرجى کە 914.8 ملیار دینار بووە، بەسرە بە 889.8 ملیار دینار دووەم و نەینەوا بە خەرجکردنى 475.6 ملیار دینار سێیەم بووە، کەمترین خەرجى لەپشکى پارێزگاى دیالە بووە کە 115.4 ملیار دینار بووە.
 
داهاتێکى چاوەڕواننەکراو
 
تێکڕاى داهاتى نەوتى و نانەوتى عێراق بۆ 2024 گەیشتووەتە 140 تریلیۆن و 744 ملیار دینار، لە کاتێکدا داهاتى خەمڵێندراو لە خشتەى بودجەى ئەو ساڵەدا 147 تریلیۆن و 836 ملیار و 655 ملیۆن دینار بووە، بەو پێیە داهات 7.8 تریلیۆن دینارى کەمتر بووە لەوەى حکومەتى فیدراڵى چاوەڕوانى کردووە.  
 
لەو بڕە داهاتى نەوتى پار 127 تریلیۆن و 536 ملیار و 400 ملیۆن دینار بووە کە 84.4%ى تێکڕاى خەرجیی کرداری ئەو ساڵەى پڕکردووەتەوە و 91%ى کۆى گشتى داهاتەکەشى بووە؛ داهاتى نانەوتى 13 تریلیۆن و 237 ملیار و 705 ملیۆن دینار بووە کە تەنیا 9%ى تێکڕاى داهاتى 2024 بووە.
 
نەبیل مەرسوومى گوتى، "لە یاسای بودجەدا 117 تریلیۆن دینارى پێشبینیکراوە وەک داهاتى نەوت، بەڵام لە وردەکارییەى ئەو داهاتانەدا هەناردەى بەرهەمە نەوتییەکان و گۆڕینەوەى نەوتیشى تێدایە، بۆیە گەیشتووەتە 127 تریلیۆن دینار، بەڵام ئەم ژمارەیە بەرەو کەمبوونەوە دەڕوات بەهۆى دابەزینى نرخى نەوت".