ژمارەى ئەو کەسانەى لە ئەنبار بە خواردن ژەهراوى بوون گەیشتە 230 کەس
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەى ئەو هاووڵاتییانەى پارێزگاى ئەنبار کە بەهۆى خواردنى خێرا ژەهراوى بوون گەیشتە 230 کەس. تەندروستیى شارەکە دەڵێت: "ئەو گۆشتەى پێى ژەهراوى بوون، هاوردەکراو بووە".
یەکشەممە 8ى حوزەیرانى 2025، محەممەد دەڕاجى، گوتەبێژی تەندروستیی ئەنبار بە رووداوی گوت: "ژمارەى ئەو کەسانەى ئەمڕۆ بە خواردنى خێرا ژەهراوى بوون، گەیشتە 230 کەس و زۆرینەیان دواى وەرگرتنى چارەسەر، نەخۆشخانەیان بەجێهشتووە".
ئەو کەسانەى ژەهراوى بوون خواردنى خێرایان خواردووە بەتایبەت هەمبەرگر، تاوەکو نیوەڕۆى ئەمڕۆ 130 کەس بەهۆیەوە سەردانى نەخۆشخانەکانیان کردبوو.
محەممەد دەڕاجى رایگەیاند: ئەو گۆشتەى نەخۆشەکان پێى ژەهراوى بوون، گۆشتى ئاژەڵ و مریشک بووە و هاوردەکراو بووە، نەک بەرهەمى نێوخۆیی".
ئەو 230 کەسەى ژەهراوى بوون رەوانەى سێ نەخۆشخانەى قەزاى فەلووجە کراون.
دواى سەردانى ئەو کەسانە بۆ نەخۆشخانە، دەستبەسەر ئەو بڕە گۆشتەدا گیراوە کە لە یەکێک لە خواردنگەکان هەبووە تاوەکو پشکنینى بۆ بکرێت.