رەوتى نیشتمانیی شیعە: نوێژى هەینیى یەکگرتوو لە سەرجەم پارێزگاکان بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
رەوتى نیشتمانیى شیعە کە موقتەدا سەدر سەرۆکایەتی دەکات، داوا دەکات لە بەغدا و سەرجەم پارێزگاکان نوێژى هەینیى یەکگرتوویی بکرێت بە بۆنەى جەژنى غەدیر و یادى ئەنجامدانى نوێژى هەینى لە مزگەوتى کوفە لەلایەن محەممەد سادق سەدر.
ئەو رەوتە یەکشەممە 8ى حوزەیرانى 2025، لە نووسراوێکدا بۆ لایەنگرانیان داواى ئەو نوێژە یەکگرتووەى کردووە.
جەژنى غەدیر تایبەتە بە شوێنکەوتووانى شیعە کە گوایە یادى راسپاردنى عەلى کوڕى ئەبو تاڵیب یەکەم ئیمامى شیعەکانە لەلایەن پەیامبەرى ئیسلامەوە بۆ ئەوەى وەک خەلیفەى موسڵمانان جێگەى بگرێتەوە.
ئەو نووسراوە بەناوى سەرپەرشتیارى گشتیی نوێژى هەینى دەرکراوە، کە سەر بە رەوتى نیشتمانیى شیعەیە، تێیدا داوا کراوە نوێژى هەینیى یەکگرتووی داهاتوو لە سەرجەم پارێزگاکان و لە بەغداش لە هەردوو بەشى کەرخ و رەسافە بکرێت.
جگە لە جەژنى غەدیر، بۆنەیەکى دیکەى ئەو نوێژە یەکگرتووە بە لاى رەوتى نیشتمانیی شیعە، یادکردنەوەى یەکەم نوێژى هەینییە لە مزگەوتى کوفە کە لە لایەن محەممەد سادق سەدر، باوکى موقتەدا سەدر کە لە ساڵى 1998 ئەنجامدرا، لەپاش ئەوەى پێشتر دەسەڵاتدارانى حیزبى بەعس ئەو نوێژەیان لە مزگەوتەکە قەدەخە کردبوو.
جەژنى غەدیر ئەم ساڵ دەکەوێتە 15ى حوزەیران و لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقەوە کراوەتە پشووى فەرمى.